فەرەنسا: لە هێرشێکدا شەش سەربازمان لە سنووری هەولێر بریندار بوون

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای فەرەنسا بە فەرمی برینداربوونی شەش لە سەربازەکانی وڵاتەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند کە چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، سوپای فەرەنسا لە راگەیاندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە سنووری پارێزگای هەولێر، ژمارەیەک لە سەربازەکانیان بریندار بوون.

بە پێی راگەیەنراوەکەی سوپای فەرەنسا، لەو هێرشەدا، "شەش سەربازی فەرەنسی بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی خێرا، دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی تەندروستیی.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: درەنگانی شەوی رابردوو لەرێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (درۆن)، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی سەر بە میحوەری 6ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی مەلا قەرە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە بەهۆی ئەم هێرشەوە، شەش راوێژکاری سەربازیی فەرەنسی کە لەو بنکەیەدا ئەرکی راوێژکارییان جێبەجێ دەکرد، بریندار بوون.