تۆتاڵ ئێنێرجی، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە قەتەر و عێراق و ئیمارات رادەگرێت
کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی ڕایگەیاند کە بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمهێنانی لە قەتەر، عێراق و کێڵگە دەریاییەکانی ئیمارات ڕاگرتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی 15٪ی تێکڕای بەرهەمهێنانی جیهانیی کۆمپانیاکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوە کردووە، بەرهەمهێنان لە قەتەر، عێراق و کێڵگە دەریاییەکانی ئیمارات ڕاگیراوە، کە نزیکەی 15٪ تێکڕای بەرهەمهێنانی ئێمە پێکدەهێنن.
هەروەها تۆتاڵ ئێنێرجی رایگەیاندووە، پێدەچێت زیانەکان سنووردار بن، چونکە ئەو بەرمیلە نەوتانەی لەم ناوچانە بەرهەم دەهێنرێن، بەهۆی باجی زۆرەوە داهاتێکی (کاش فلۆ) کەمتریان بۆ کۆمپانیاکە هەبووە، بە جۆرێک ئەو 15٪ قەبارەی بەرهەمهێنانە تەنها 10٪ داهاتی نەوتی کۆمپانیاکە پێکدەهێنێت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دەتوانێت زیانی ئەو ڕاگرتنە قەرەبوو بکاتەوە.
کۆمپانیاکە ڕوونیکردەوە کە بەرهەمهێنانی وشکانی لە ئیمارات نزیکەی 210هەزار بەرمیل لە رۆژێکداا نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێکان، چونکە لە رێگەی بەندەری فۆجەیرەوە هەناردە دەکرێت.
تۆتاڵ ئێنێرجی جەختی کردەوە کە کاتژمێر بە کاتژمێر چاودێری پەرەسەندنی بارودۆخی مەیدانی دەکەن و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا زانیاری نوێ بڵاودەکەنەوە.