سوپای پاسداران: کەشتی ئەبراهام لینکنمان پێکاوە و بەرەو ئەمریکا پاشەکشە دەکات
سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، کە لە رێگەی هێرشێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنییەوە، کەشتی فڕۆکەهەڵگریی ئەمریکی "ئەبراهام لینکن"ـیان پێکاوە و زیانی گەورەیان پێ گەیاندووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند: کە هێزەکانیان سەرکەوتووانە کەشتی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن)ـی سەر بە هێزی دەریاییی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی پێکانی راستەوخۆ لەڕێگەی چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن)، زیانێکی گەورە بەر کەشتی فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکە کەوتووە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی کاریگەریی هێرشەکان و قەبارەی زیانەکانەوە، ئێستا کەشتییەکە ناوچەکە جێدەهێڵێت و بەرەو ئەمریکا پاشەکشە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە وەڵامی راگەیەنراوەکەی سوپای پاسداراندا گوتی: کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لە ئەرکی خۆی بەردەوامە، بانگەشە بە ئامانجگرتنی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە راست نییە.