چوار کەس لە تاران بە تۆمەتی هاوکاری کەناڵە دژبەرەکانی ئێران دەستبەسەر کران

پێگەی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران رایگەیاند چوار کەس لە تاران بە تۆمەتی ناردنی زانیاری و هاوکاری لەگەڵ کەناڵە دژبەرەکانی ئێران لە لایەن پۆلیسی فەراجاوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی ئەم پێگەیە دەستبەسەرکراوان زانیاری نهێنی و ڤیدیۆی شوێنی بە ئامانجگرتنی مووشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە موبایل بۆ ئەم کەناڵانە ناردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە داواکاری گشتیی ئێران لە راگەیەنراوێکدا هۆشداری داوە هەر کەسێک بە ناردنی زانیاری و هەنگاوی کردەیی لە راستای تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی هاوکاریی دوژمنیان بکات سزای قورسی یاسایی  لەوانەش دەستبەسەرداگرتنی داراییەکان، لەسێدارەدان و بەندکران چاوەڕێیان دەکات، ئەم یاسایە ئێرانیانی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتاتیش دەگرێتەوە و وەک سزا، دەستبەسەر داراییەکانیان لە ناوخۆی ئێراندا دەگیرێت.

جێی ئاماژەیە لە  ماوەی رۆژانی رابردوودا ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا 81 کەسیان بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و هاوکاریی کەناڵە دژبەرەکان دەستبەسەر کردووە.