بەرپرسانی باڵای ئێران لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری وڵاتەکەیان دەرکەوتن
بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەمڕۆدا بە بۆنەی رۆژی قودس دەرکەوت و شانبەشانی خەڵکی هاتوونەتە شەقام.
لەنێو خۆپیشانداندا غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، شانبەشانی خەڵکی وڵاتەکەی و بە وتنەوەی دروشمی حەیدەر حەیدەر بەشداری خۆپیشاندانی کرد.
ئیژەیی لە لێدوانێکدا گوتی "ئەمڕۆ پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین و بەرەی مقاوەمە دووپات دەکەمەوە، ئێرانی ئیسلامی تا دوایین سات و سەرکوتی ئەم فیرعەون سیفەتانە خۆڕاگر دەبێت، ئێمە دەمانەوێ تا دوا هەناسە لەگەڵ خەڵکی خۆمان بین، خەڵکی لەم تەق و تۆقە ناترسن، لە ژێر ئەم باران و مووشەکبارانەش بە هیچ شێوەیەک خۆبەدەستەوە نادەین".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەنێو خۆپێشاندانەکاندا رایگەیاند: ئەمرۆ کە روژی قودسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان بەردەوامە، بەڵام دەبینن خەڵکی ئێران بە لافاو رژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات خەڵکی ئێران خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە، پشتیوانی لە وڵاتەکەیان و گەلی فەڵەستین دەکات، ئێمە نایارەکانمان ناچار دەکەین، کە باوەڕ بەوە بکەن گەلی ئێران بەهێز و خۆڕاگرن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە بۆ سەر وڵاتەکەمان، ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە خەڵکی.
هەروەها عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەنێو خۆپیشاندانی سەرتاسەری وڵاتەکەی بە بۆنەی رۆژی قودس، گوتی "ترەمپ درک بەوە ناکات گەلی ئێران چەندە بەهێزە و تا ئەمریکا زیاتر فشاریان بخاتە سەر، ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت".
هەروا ئاماژەیدا، هێرشەکانی ئیسرائیل لەم کاتەدا، لاوازی و سەرلێشێواوی دوژمن نیشان دەدات.
رۆژی قودس خۆپیشاندانێکی ساڵانەیە کە لە کۆتا ھەینیی مانگی رەمەزان لە ئێران بەڕێوەدەچێت، مەبەست لە ئەو خۆپیشاندانە پشتگیری لە خەڵکی فەلەستین و دژایەتییە بەرانبەر بە حکوومەتی ئیسرائیل، ئەو خۆپیشاندانە لە دوای یەکەم ساڵی هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە رێبەرایەتی خومەینی تاوەکوو ئێستا ساڵانە بەردەوامە و بەڕێوە دەچێت.