موقته‌دا سه‌در ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران ده‌كات
وه‌ك چۆن ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژی هۆڤیانه‌ی هه‌ندێك له چه‌په‌ڵه‌كانی ناو ریزی تشرینییه‌كانمان كردووه، به‌و جۆره‌ش ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی هه‌ر خۆپیشانده‌رێكی ئاشتیخواز ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، موقته‌دا سه‌در، له تویتێكدا ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌رانی كرد و رایگه‌یاند، وه‌ك چۆن ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژی هۆڤیانه‌ی هه‌ندێك له چه‌په‌ڵه‌كانی ناو ریزی تشرینییه‌كانمان كردووه، به‌و جۆره‌ش ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی هه‌ر خۆپیشانده‌رێكی ئاشتیخواز ده‌كه‌ین.
له تویته‌كه‌یدا موقته‌دا سه‌در نووسیویه‌تی: "هه‌روه‌ك چۆن ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژی وه‌حشیانه و تیرۆریستی له لایه‌ن هه‌ندێك له چه‌په‌ڵه‌كانی ناو ریزی تشرینییه‌كان دژ به هێزه ئه‌منییه‌كان و كوشتن‌یان به شێوازێكی نامرۆڤانه ده‌كه‌م، ئاواش ئیدانه‌ی ده‌ركردنی یادداشتی ده‌ستگیركردن دژ به خۆپیشانده‌ره سه‌لامه‌ته‌كان ده‌كه‌م. چونكه ده‌ستگیركردن ده‌بێت ته‌نیا ئه‌وانه بگرێته‌وه كه ده‌ستدرێژی ده‌كه‌ن و تێكده‌رن، نه‌ك خۆپیشانده‌رانێكی ئاشتیخواز و سه‌لامه‌ت".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "ئیدانه‌ی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری دادگا ده‌كه‌م له رێی جووڵاندنی شه‌قام به وێنه‌ی هه‌رانانه‌وه‌ی منداڵانه‌ی بێ حیكمه‌ت كه به هۆیه‌وه ئاشتی ئه‌هلیی "ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی" له بار ده‌چێت و پێویسته دادگا رۆڵی خۆی به‌و په‌ڕی جدییه‌ت و شه‌فافیه‌ت و بێ هیچ ده‌ستوه‌ردانێك بگێڕێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "له‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان پێویسته سه‌ری په‌ته‌كه له ده‌ستیان بێت و ره‌وشه‌كه له كۆنترۆڵ ده‌رنه‌چێت و سزای هه‌موو ئه‌وانه بده‌ن هاوسۆزن له‌گه‌ڵ كرده‌ی جوكریانه‌دا. ناوبانگی هێزه‌كانمان گرنگه وه‌ك چۆن پاراستنی وڵات و گه‌له‌كه‌ی له پێشتره".