سینۆپێک-ی چینی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە پاڵاوتنی نەوتی خاو بە رێژەی 10% کەمدەکاتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای "سینۆپێک"ی چینی، کە گەورەترین کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتە لە جیهاندا، بە نیازە ئاستی پاڵاوتنی نەوتی خاو بۆ ئەم مانگە بە ڕێژەی زیاتر لە 10% کەم بکاتەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کەمیی دابینکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێران و ناسەقامگیریی ناوچەکە.

ئەمرۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارەی کۆمپانیا حکوومییەکەی چین دوای ئەوە دێت کە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی دروستبوونی تەنگژە لە دابینکردنی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا.

کۆمپانیای سینۆپێک، کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی سێیەکی نەوتی پاڵاوگەکانی چین، ئەم هەنگاوەی لە چوارچێوەی رێکارە نوێیەکانی پەکیندا گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی 20%ی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، داخستنی گەرووەکە بەهۆی جەنگەوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی وزە بۆ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت چین دروست کردووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت ئاستی پاڵاوتنی نەوت لە مانگی ئاداردا بە تێکڕای 600 هەزار بۆ 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزێت، هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە ئەم کەمکردنەوەیە جیاوازە لەو پلانانەی پێشتر بۆ چاککردنەوەی پاڵاوگەکان داڕێژرابوون، پێش ئەوەی لە 28ی شوباتدا جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دەستپێبکات.