دیموكراتەكان پڕۆژە یاساییەكیان پێشكەشكرد داوای لە جێگری سەرۆك دەكات ترەمپ لەسەر كار لابدات
كۆمارییەكان "ئەمەریكا دەخەنە مەترسییەوە" بە رێگای "دەستێكەڵكردنیان" لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەمەریكا، نانسی پیلۆسی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، كۆمارییەكان "ئەمەریكا دەخەنە مەترسییەوە" بە رێگای "دەستێكەڵكردنیان" لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، كە لەسەر بنەمای رووداوەكانی بینایەی كاپیتۆڵ، تۆمەتباری دەكات بە "ھاندان لەسەر یاخیبوونێكی خوێناوی دژ بە ئەمەریكا".
پیلۆسی بەداخەوە بوو بۆ نەیارییەتی كۆمارییەكان بۆ گرتنەبەری بڕیارێك بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان، تیادا داوا لە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مایك پێنس بكرێت، ترەمپ لە پۆستەكەی لابدات، بەرێگای كاراكردنی 25ەمین ھەمواری دەستووری ئەمەریكایی و گوتی: "دەست تێكەڵكردنیان لەگەڵ ترەمپ، ئەمەریكا دەخاتە بەردەم مەترسی و دیموكراتییەكەمان بەرەو شكانەوە دەبات و دەبێت ئەوە رابگیرێت". ئاماژەشیكرد، دەنگدان لەسەر ئەم بڕیارە لە دانیشتنێكی گشتیدا "لەم نزیكانە" دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەقی تومەتباركردنی ترەمپیان خستەروو، لە قۆناغی یەكەمدا، رێخۆشدەكات بۆ دوورەپەرێزكردنی سەرۆكی ماوە بەسەرچوو، بە تاوانی "ھاندان بۆ كاری توندوتیژی"، لە سەر بنەمای رووداوەكانی بینایەی كاپیتۆڵ "كۆنگرێس".
ھاوتەریب لەگەڵ ئەمە، دیموكراتەكان، كە زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێكدەھێنن، پڕۆژە بڕیارێكی دیكەیان پێشكەشكرد، داوا لە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، پێنس دەكات ترەمپ لە پۆستەكەی لابدات، بەپێی 25ەمین ھەمواری دەستووری ئەمەریكا. مەزندە دەكرێت لە دانیشتنێكی گشتیدا، لە رۆژی سێشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، بەپێی فرانس پرێس.
چەند رۆژێك بەر لە كۆتایھاتنی كاری سەرۆكایەتیی، ترەمپ رووبەڕووی ھەڵكشانی داواكانی دەستلەكاركێشانەوە دەبێت، تەنانەت لە لایەن ھەندێك لە كۆمارییەكانیش؛ بۆ ئەوەی دوور بكەوێتەوە لە ئەنجامدانی لەكارلابردنی لە كاتێكدا، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە لوتكەی تەنگژەیەكی سیاسی و تەندرووستی و ئابووری تێدەپەڕێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، نانسی پیلۆسی، رۆژی یەكشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە ھەوڵدان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك لە رۆژە دواییەكانید، دوای ئەو ھێرشە توندەی لایەنگرانی كردیانە سەر كاپیتۆڵ.