ئێران: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵنمان لە کار خستووە

گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیای ئێرانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی شەپۆلی 43ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4"، هێزەکانیان بە مووشەکی قورس ناو جەرگەی تەلئەڤیڤ و چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیای ئێرانی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لەو هێرشانەدا ناوەڕاستی تەلئەڤیڤ، باکووری خاکی ئیسرائیل و شاری ئیلات بە مووشەکی جۆری (خوڕەمشار)ـی وردپێک کە کێشی کڵاوە جەنگییەکەی دوو تۆنە، لەگەڵ مووشەکەکانی (قەدر، عیماد و خەیبەرشکێن) کراونەتە ئامانج".

زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکان تەنیا ئیسرائیلیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو بنکەی "موفەق ئەلسەڵتی" و چەند بنکەیەکی تری هێزەکانی ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین و هەولێر، بەر توندترین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران کەوتوون.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، گوتەبێژەکەی ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لێدانی راستەوخۆیان لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (ئەبراهام لینکۆڵن) داوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی کەشتییەکە و ناچاربوونی بە کشانەوە بەرەو ئەو خاڵەی لێیەوە هاتووە.

زولفەقاری گوتیشی: "لایەنی ئەمریکی کە پێشتر هەوڵیدەدا زیانەکانی بە برینداری سووک ناو ببات، ئێستا ناچار بووە تێکشکانی فڕۆکەکانی بە کێشەی تەکنیکی ناو ببات بۆ ئەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانەکانی بشارێتەوە".