وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا پرسی ئێران و ئاسایشی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن

تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت دۆخی ئێرانیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ یۆهان وادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنجامدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی  گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کردووەتەوە.

ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان بووەتە لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هاوکات وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە داخراوە.