ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتەوتر دەکات
لە کاتێکدا هێرشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز رووی لە زیادبوون کردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاری دا هێزێکی تایبەتی مارێنز و چەندین کەشتیی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، بۆ وەڵامدانەوەی پەرەسەندنەکانی ئێران و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، سوپای ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتەوتر دەکات. بەپێی زانیارییەکانی سێ بەرپرسی ئەمریکی کە بە پێگەی abcـی نیووزیان راگەیاندووە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکی فەرماندەییی ناوەندی (سێنتکۆم) داوە بۆ جێگیرکردنی کۆمەڵەیەکی ئامادە و یەکەیەکی هێزی مارێنز (دەریاوانی).
لەو چوارچێوەیەدا، یەکەی 31ـی مارێنز کە لە 2 هەزار و 200 سەرباز و سێ کەشتیی جەنگی پێکدێت، فەرمانیان پێکراوە بنکەی هەمیشەییی خۆیان لە ژاپۆن و ناوچەی ئیندۆ-پاسێفیک جێبهێڵن و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ بکەون.
هەروەها وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوەکوو ئێستا 10 هەزار درۆن گەیشتوونەتە ناوچەکە.
ئەم یەکە سەربازییە نوێیە، پۆلێک فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی نەوەی پێنجەم لە جۆری (F-35) و فڕۆکەی کۆپتەری جۆری (MV-22 Osprey) لەخۆ دەگرێت، کە توانایەکی گەورەی ئاسمانی، دەریایی و وشکانی دەخاتە بەردەست فەرماندە سەربازییەکان بۆ کاتی پێویست. سەرەڕای ئەم جووڵە پێشکەوتووە، بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناردنی ئەم هێزە بە واتای بەکارهێنانیان وەک هێزی زەمینی لە ناوخۆی خاکی ئێراندا نایەت، بەڵکوو وەک هێزێکی پاڵپشت و وەڵامدەرەوەی خێرا دەمێننەوە.