بۆ یەکەمجار کوردێک دەبێتە ئەندام پەرلەمانی کازاخستان

وەکیل مستەفایێڤ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان
وەکیل مستەفایێڤ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان

K24- هەولێر:

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کازاخستان، کوردێک بووە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و دەنگی پێویستی بەدەستهێنا.

رۆژانی 10 و 11ـی یەکی 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کازاخستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کازاخستان بڵاویکردووەتەوە، جارێکی دیکە پارتی فەرمانڕەوا "نور ئۆتەن" زیاتر لە 76% دەنگی دەنگدەرانی کازاخستانی بەدەستهێناوە.

بەم پێیەش زۆربەی کورسییەکانی مەجلیس(پەرلەمان)ی دەستەبەر کردووە. وەکیل مستەفایێڤ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان، لەهەمانکاتدا کادیری‌ پارتی نور ئۆتەنی ده‌سه‌ڵاتدار، دەنگی پێویستی بەدەست هێنا و بووە یەکەم پەرلەمانتاری کورد لە میژووی پەرلەمانی کازاخستاندا.

بەپێی ئامارە نا فەرمیەکان زیاتر لە  150 هەزار کورد لە کازاخستان دەژین و بەشێکی گرنگی رەوەندی کوردی پێکدەهێنن.

وەکیل مستەفایێڤ لە یەکی ئابی 1982 لە کۆماری کازاخستان لەدایکبووە، ساڵی 2010 لە زانکۆی تورانی کازاخستان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، ساڵی 2014 ماستەری لە ئابوری بەدەستهێناوە و ساڵی 2017 دکتۆرای لە زانستە سیاسیەکان بەدەست هێناوە، پاشان بۆ خولی تایبەت چووەتە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور.

H.J