ئێران: ئەمریکا بنکەکانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەرمان بەکار دەهێنێت بۆیە لێیان دەدەین
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ بیانوو و یاسایەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت پاساو بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بهێنێتەوە. روونیشی کردەوە، ئەم کارانە پێشێلکردنی ئاشتین، گەلی ئێرانیش تا پێویست بکات سوورە لەسەر بەرگریکردن لە خۆی.
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوە دا، "شارستانییەتێکی گەورەی وەک ئێران هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات، تەنانەت ئەگەر لە جەنگێکی نادادپەروەرانەشدا هێرشی بکرێتە سەر". ئەوەشی خستە روو، گەلی ئێران بە درێژایی مێژوو فێربووە چۆن لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ستەمدا بە زیندوویی و بەهێزی بمێنێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئامانجیان بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دراوسێ، چونکە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بە رادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە هاوکاریی نێوان وڵاتەکانییەوە.
بەقایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆکاری هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە روون کردەوە و رایگەیاند، هۆکارەکەی بڵاوبوونەوەی ئەو بنکانەیە لە دەوروبەری ئێران، هەروەها ئەمریکا بەکاریان دەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتانی ناوچەکە بە تەواوی لەوە تێگەیشتوون بوونی سەربازیی ئەمریکا لەم ناوچەیە نەبووەتە هۆی هێنانی ئاشتی و سەقامگیری.