فەرەنسا رەتی کردەوە پلانی بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا هەبێت

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رەتی کردەوە هیچ پلانێکی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان هەبێت، جەختیش دەکاتەوە کە رۆڵی پاریس تەنیا ئاسانکارییە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوو لایەن نەک سەپاندنی مەرج و کارنامە.

رۆژی شەممە 14ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە پاریس پشتیوانی لە هەڵوێستی کراوەی دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و پێشنیازی ئاسانکاریکردنیشی بۆ کردوون، بەڵام دیاریکردنی کارنامەی ئەو گفتوگۆیانە تەنیا و تەنیا لە دەسەڵاتی خودی لایەنە شەڕکەرەکاندایە.

ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا وەک وەڵامێکە بۆ راپۆرتێکی پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، کە لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاوی کردبووەوە گوایە پاریس پێشنیازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئامادە کردووە.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، گوایە پێشنیازە فەرەنسییەکە داننانی لوبنان بە دەوڵەتی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستان بە پاڵپشتی ئەمریکا و فەرەنسا بۆ گەیشتن بە راگەیەندراوێکی سیاسی لە ماوەی مانگێکدا، کە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ هێرشنەکردنە سەر یەکتر.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە پرۆژەکە بریتییە لە جێگیرکردنەوەی سوپای لوبنان لە باشووری رووباری لیتانی و چەککردنی حزبوڵڵا، لە بەرانبەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لەم جەنگەدا کۆنترۆڵی کردوون، بەڵام فەرەنسا بە فەرمی رەتی کردەوە خاوەنی هیچ پلانێکی لەو شێوەیە بێت.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی لوبنانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە؛ حکوومەتی بەیرووت سەرقاڵی ئامادەکردنی شاندێکە بۆ دانوستانکردن لەگەڵ ئیسرائیل، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لەگەڵ حزبوڵڵا هەڵگیرساوە.