بەرپرسێکی باڵای ئێران: دوو مەرجمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەیە

ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگ لە دەستی تاراندایە، بۆ ئەو مەبەستەش تەنیا بە دوو مەرج ئامادەن جەنگ رابگرن؛ ئەوانیش وەرگرتنی قەرەبووی تەواوەتی لە ئەمریکا و کشانەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی واشنتنە لە کەنداوی فارس.

لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ململانێکان و ئەگەری راگرتنی جەنگ، موحسین ڕەزایی، ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە دەستی خۆماندایە، ئێمە تەنیا لە کاتێکدا بیر لە کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەینەوە کە دوو مەرجمان بۆ جێبەجێ بکرێت."

سەبارەت بە مەرجی یەکەم، رەزایی ڕوونی کردەوە: "یەکەمین مەرجمان ئەوەیە کە دەبێت بە شێوەیەکی تەواوەتی قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەمان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ بکرێتەوە کە پێمان گەیشتووە."

لە درێژەی قسەکانیدا و سەبارەت بە مەرجی دووەم، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران جەختی لەسەر وەرگرتنی دڵنیایی کردەوە و گوتی: "پێویستمان بە گەرەنتییەکی 100%ی هەیە بۆ داهاتوو، ئەمەش مەحاڵە بەبێ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس. بۆیە مەرجی دووەم و کۆتاییمان بریتییە لە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو."