عێراق رێوشوێنی ئەمنی لە کەناراوەکان و بەندەرەکانیدا توندتر دەکات
لە چوارچێوەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لەپاش بۆردوومانکردنی دوو تانکەری نەوت، فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق رێوشوێنە سەربازییەکانی لە ناوچە ئاوییەکان توندتر کرد و بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی دەریایی بۆ پاراستنی سەروەریی ئاوە هەرێمییەکان و شادەماری ئابووریی وڵات دەرکرد.
رۆژی شەممە 14ـی ئاداری 2026، مازن عەبدولواحید کەبیان، فەرماندەی هێزی دەریایی عێراق، فەرمانیدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانیان، بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکانی عێراق و بەندەرە نەوتی و بازرگانییەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانە مەیدانییە بەردەوامەکانیدا بۆ ناوچەکانی ژێر بەرپرسیارێتیی هێزەکەیان، فەرماندەی هێزی دەریایی سەردانێکی پشکنینی بۆ بەندەری گەورەی فاو و هێزی پاراستنی بەندەرەکە ئەنجام داوە و لەلایەن ئامری لیوای دووەمی دەریاییەوە پێشوازیی لێکراوە. لە سەردانەکەدا کورتەیەک سەبارەت بە ئەرکەکانی لیواکە لە پاراستنی ئاوە هەرێمییەکاندا خراوەتەڕوو.
لە میانەی سەردانەکەیدا و لە رێگەی کەشتییەکی پشتیوانییەوە، فەرماندەی هێزی دەریایی بە سەرپەرشتیی خۆی پشکنینی بۆ هەریەک لە شەپۆلشکێنەکە و کەنداوی خۆر عەبدوڵڵا کردووە. هەروەها لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی ئەو دوو تانکەرە نەوتە بووە کە پێشتر رووبەڕووی بۆردوومان ببوونەوە، پاشانیش بەرەو ناوچەی چاوەڕوانی (SPM3) بەڕێکەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ فەرماندەی هێزی دەریایی چەندین رێنمایی و راسپاردەی نوێی دەرکردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەباشیی شەڕ بە مەبەستی پاراستنی بەندەرە نەوتی و بازرگانییەکان، کە بە شادەماری ئابووریی عێراق دادەنرێن.
هاوکات جەختی لەسەر باشترکردنی گوزەرانی سەربازان و جەنگاوەرانی هێزی دەریایی و رێکخستنی کاروباری کارگێڕییان کردووەتەوە، و ستایشی ئەو ئەرکە نیشتمانییەشی کردووە کە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا جێبەجێی دەکەن.