فریدمان چۆنییەتی رەفتاركردنی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەردۆغان ئاشكرا دەكات

"داننانی ئەمەریكا بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، رێگای خۆشكرد، بۆ رێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی"

باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل، دیڤید فریدمان
باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل، دیڤید فریدمان

K24 – ھەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل، دیڤید فریدمان، پێیوایە ئیدارەی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە بەرامبەر سەرۆكی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان توند دەبێت، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "ھارتس"ی ئیسرائیلی گواستوویەتەوە.

فریدمان گوتی: "ھیچ گومانێكمان نییە لەوەی ئیدارەی نوێ دۆستانە دەبێت لە بەرامبەر ئیسرائیل و مەزندە دەكرێت بایدن لەگەڵ سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان توند بێت".

لە لایەكی دیكەوە، فریدمان گوتی: "داننانی ئەمەریكا بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، رێگای خۆشكرد، بۆ رێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی".

باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل لە میانی دیداری ماڵئاواییدا بە بۆنەی كوتاییھاتنی ئەركەكانی لە پۆستەكەی رایگەیاند: "لەو دەستكەوتانەی ئیدارەی ئەمەریكا لە میانی چوار ساڵی رابردوودا بەدەستیھێناوە، گرنگترینیان، داننان بوو بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل".

روونیشیكردەوە، "پێموایە ئەمە جێگای ترەمپی لە بەرامبەر ئێران، كوریای باكوور و ھەموو جیھان توندتر و بەھێزتر كرد، چونكە ئێمە ھەڵوێستێكمان وەرگرت، كە واشنتن لە تەك دۆستانی دەوەستێت و ئەمەریكا نا لەرزێت و ناترسێت لە دوژمنەكانی و ئەوانەی لەگەڵیانن".

لە بارەی مەزندەكانی سەربارەت بە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا، بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن بەرامبەر ئیسرائیل، فریدمان گوتی: "ئیدارەی بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران"، ھۆشداریشیدا لەم  ھەنگاوە و بە "ھەڵەیەكی گەورە"ی وەسفكرد.

سەرچاوە: "inews24"