ترەمپ: ئەگەر موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا مابێت پێویستە خۆی بەدەستەوە بدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ هێشتا ئامادە نییە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بکات، هاوکات گومانی لە مانەوەی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لە ژیاندا هەیە، سەبارەت بە قەیرانی وزەش جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کار بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دەکەن و ڕەخنەی توندیش لە سەرۆکی ئۆکرانیا دەگرێت.

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (NBC News) کە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات، بەڵام من نامەوێت ئەو کارە بکەم، چونکە هێشتا مەرجەکان بەپێی پێویست باش نین و دەبێت زۆر توندوتۆڵ بن." سەرەڕای ئەوەی ئامادە نەبوو مەرجەکانی ئاشکرا بکات، بەڵام پەسەندی کرد کە وازهێنانی یەکجارەکیی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەشێکی سەرەکی دەبێت لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو.

سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لە بۆردوومانەکاندا دوورگەی خارگیان بە تەواوی وێران کردووە، بەڵام هێڵەکانی وزە و نەوتیان نەپێکاوە، چونکە دروستکردنەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت و نایانەوێت زیان بە بازاڕی نەوت بگات.

هەروەها ئاشکرایکرد کە لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە لە هەماهەنگیدان بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی و ڕاماڵینی مینە دەریاییەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە جیهاندا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا گومانی لە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و گوتی: "نازانم ئایا تەنانەت لە ژیاندا ماوە یان نا، چونکە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە نیشانی بدات، ئەگەر لە ژیانیشدا ماوە باشترین کار بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە خۆی بەدەستەوە بدات." ئەمەش لە کاتێکدایە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو؛ پێدەچێت موجتەبا خامنەیی بریندار بێت و شێوەی تێکچووبێت و ئێستا لە ترساندا لە هەڵاتندایە.

ترەمپ سەرسوڕمانیی خۆی نیشاندا لەوەی ئێران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئیمارات، قەتەر و سعوودیە، و بە گەورەترین سوپرایزی ئەم جەنگە وەسفی کرد. بەپێی زانیارییەکانیش، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە مانگی ڕابردوودا، 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە، کە شەشیان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سوتەمەنیپێدەر بوون لە عێراق.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا، ترەمپ ڕایگەیاند کە "بە هیچ شێوەیەک نیگەران نییە" لە کاریگەریی نرخەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و بەڵێنیدا دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە نرخەکان لە جاران زیاتر دابەزن، گوتیشی: تاکە "شتێک کە دەمەوێت بیکەم ئەوەیە دڵنیابم لەوەی ئێران هەرگیز ناتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بە چەقاوەسوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

سەبارەت بە هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیاش بەهۆی قەیرانی وزەوە، ترەمپ بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و ڕەخنەی توندی لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و گوتی: "ڕێککەوتن لەگەڵ زێلێنسکی زۆر قورسترە بەراورد بە پوتن."

هەروەها ئەو پێشنیازەی ئۆکرانیای ڕەتکردەوە کە تیمێکی شارەزا بنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یارمەتیدانیان لە خستنەخوارەوەی درۆنە ئێرانییەکان و جەختی کردەوە کە؛ "کۆتا کەس کە بمانەوێت یارمەتیمان بدات، زێلێنسکییە".