ترەمپ داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات کەشتیی جەنگی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز بنێرن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای لە چەندین وڵات کرد کەشتیی جەنگی رەوانە بکەن بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی هاتووچۆی دەریایی لەو گەرووەدا بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران داخراوە.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "چەندین وڵات بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی و بە سەلامەتی بمێنێتەوە." هەروەها هیوای خواست وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) دەستپێشخەری بکەن لە ناردنی کەشییە دەریاییەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە ئاوییە پڕ بایەخە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وڵاتانەی پشت بەو نەوتە دەبەستن کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو رێڕەوە بگرنە ئەستۆ، جەختیشی کردەوە، واشنتن هاوکارییەکی گەورە پێشکەش دەکات و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی هاتووچۆی کەشتییەکان بە خێرایی و بە بێ گرفت.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، کە نزیکەی پێنج یەکی نەوتی خاو و غازی سروشتی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، هاتووچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا نزیک بووەتەوە لە داخستنی تەواوەتی. ترەمپ رۆژی هەینیش رایگەیاندبوو؛ هێزی دەریایی ئەمریکا بەم زووانە دەست دەکات بە یاوەریی کردنی تانکەرە نەوتییەکان و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە ئاستەنگ دروستکردن، دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەکەنە ئامانج.
لە بەرانبەردا، ئێران بە توندی وەڵامی ئەم لێدوانانەی دایەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەگەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بۆردومان بکرێن، تاران هەموو ژێرخانێکی وزە لە ناوچەکەدا کە سەر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت یان پشکیان تێدا هەبێت، دەکاتە ئامانج.