ژاپۆن هەڵسەنگاندن بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز دەکات

کەشتییەکی جەنگیی ژاپۆنی
کەشتییەکی جەنگیی ژاپۆنی

ژاپۆن وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، لەسەر داواکاریی ئەو، کەشتیی جەنگی رەوانەی گەرووی هورمز ناکەن.

میدیای فەرمیی ژاپۆن لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە گواستییەوە، خۆیان بڕیاری ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز دەدەن و لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو کارە ناکەن.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند، بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی رووبەڕووی بڕیارێکی سەخت بوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.

بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی سەردانی واشنتن بکات.

دوێنێ شەممە (14ـی ئادار) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەرەنتیکردنی هاتوچۆکردنی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا داوای لە چەند وڵاتێک کرد، کەشتییە جەنگییەکانیان رەوانەی ناوچەکە بکەن.

گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، ژاپۆنیش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوت بە رێژەیەکی زۆر پشتی پێ دەبەستێت. لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچەیە کەوتووەتە مەترسییەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی گرتووە بەوەی واشنتن تێچووی پاراستنی کەشتییەکانیان دەدات و داوای کردووە وڵاتان خۆیان بەرپرسیارێتییەکە بگرنە ئەستۆ و کەشتیی جەنگی بنێرن.