کۆنسوڵی ئەمەریکا لە ھەولێر: بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە

ئێمە لە رۆڵی خۆمان لە پشت پەردەوە بەردەوام دەبین بۆ ھاندانی پارتە سیاسیەکان و ھەبوونی ھەماھەنگی لەنێوانیاندا

رۆب وۆڵەر کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر
رۆب وۆڵەر کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر

K24 – ھەولێر:

رۆب وۆڵەر کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر رایگەیاند: لێکنزیکی و ھەماھەنگی نێوان پارتی و یەکێتی رۆڵێکی راستەوخۆ و ئەرێنی ھەیە لەسەر پەرەپێدانی پلانی داھاتووی کەرتی غاز لە ھەرێمی کوردستان.

لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی پەیمانگای واشنتن سەبارەت بە سێکتەری غاز لە ھەرێمی کوردستان، بازاڕ و دەرفەتەکانی پەیوەست بە جوگرافیای سیاسییەوە، رۆب وۆڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەولێر گوتی: لە ھەوڵەکانمان بۆ لێکنزیکردنەوەی پارتی و یەکێتی بەردەوامین و بەرەوپێشچوونی باش ھەیە.

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر گوتی: "پێش ھاتنە ناو ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ دۆستەکانمان لە هه‌رێمی کوردستان قسەم کرد. پێموایە ئێستا لە بابەتی پەیوەندی نێوان ھەردوو پارتی سەرەکی پارتی دیموکراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان بەرەوپێشچوونێک ھەیە و ھیوادارم لە رۆژانی داھاتوو ھەواڵی خۆشمان گوێ لێبێت".

گوتیشی: "لە نێوان پارتەکانی دیکەشدا وەک گۆڕان و پارتەکانی دیکەشدا بەرەوپێشچوونێک ھەیە. واتە تێکڕا لە هه‌رێمی کوردستان ئێستا خواستێکی گشتگیر ھەیە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزنەوە، کە نەک تەنیا لە بەرژەوەندی پارتەکانیان بێت بەڵکو لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیش بێت. ئەمە شتێکە ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت بیبینین و پیشوازیشی لێدەکەین".

روونیشكردەوە، "یەکێک لەو شتانەی ئێمە بەردەوام بیری دۆستە کوردەکانمانی دەخەینەوە ئەوەیە، لە 20 ساڵی رابردوودا، ھەرکاتێک پارتی و یەکێتی کۆک بووبن کاریگەرییان زیاتر بووە و زۆر کاریگەرتر بوون و نەک تەنیا بەرژه‌وەندییەکانیان پاراستووە بەڵکو توانیویانە حکومەتی فیدراڵیش بەشێوەیەک ئاراستە بکەن و بگەنە رێککەوتن، کە لە بەرژوەندی ھەموو عێراقدا بووبێت".

کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر جەختیكردەوە: "بە پێچەوانەشەوە ھەرکاتێک دژی یەکتر بووبن و ناکۆکیان ھەبووبێت رۆڵیان لە ھەموو روویەکەوە لە بەغداش لاواز بووە؛ بۆیە من جارێکی دیکە دڵنیاتان دەکەمەوە، کە ئێمە لە رۆڵی خۆمان لە پشت پەردەوە بەردەوام دەبین بۆ ھاندانی پارتە سیاسییەکان و ھەبوونی ھەماھەنگی لەنێوانیاندا. چونکە ھەبوونی ئەم ھەماھەنگییە نەک تەنیا بۆ داھاتووی پەرەپێدانی کەرتی غاز لە ھەرێمی کوردستان گرنگە؛ بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکەش گرنگە."