ترەمپ: ئێران ژیریی دەستکرد بۆ چەواشەکاری بەکار دەهێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە بەکارهێنانی "ژیریی دەستکرد" بۆ چەواشەکردنی جیهان تۆمەتبار کرد. ترەمپ دەڵێت ئێران لەرێگەی ڤیدیۆی دروستکراوەوە وێنەی هێرشکردنە سەر کەشتیگەلە ئەمریکییەکان بڵاودەکاتەوە، لە کاتێکدا لەسەر زەوی دووچاری شکست بووەتەوە.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە "تروس سۆشیاڵ" نوێترین هەڵوێستی خۆی لەسەر گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی میدیایی ئێران بڵاوکردەوە. ترەمپ ئێرانی بەوە وەسف کرد کە "پسپۆڕی چەواشەکاریی میدیایی و پەیوەندییە گشتییەکانە"، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە بە "لاواز و بێ کاریگەر" ناوی برد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران ژیریی دەستکرد (AI) وەک چەکێکی زانیاری چەواشەکار بەکاردەهێنێت. گوتی: "ئەوان ڤیدیۆی ساختەی بەلەمی کامیکازی نیشان دەدەن کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان، بەڵام ئەم بەلەمانە بوونیان نییە و تەنیا بۆ نیشاندانی هێزێکی وەهمییە."
هەروەها ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پێکانی پێنج فڕۆکەی سووتەمەنی ئەمریکی و سووتانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" دەکەن. گوتی: "لینکۆڵن نە سووتاوە و نە تەقەشی لێکراوە، ئێران باش دەزانێت کە نابێت ئەو کارە بکات."
بەشێکی تری پەیامەکەی ترەمپ بۆ میدیا ناوخۆییەکانی ئەمریکا بوو، کە بە "میدیای ساختەکار و گەندەڵ" ناوی بردن. ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەو دەزگایانەی هەواڵی ساختەی ئێرانییان بڵاو کردووەتەوە، دەبێت بە تۆمەتی "خیانەتی نیشتمانی" ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، چونکە زانیاری نادروست بڵاو دەکەنەوە.
ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ برێندان کار، سەرۆکی نوێی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکان (FCC) دەربڕی، بۆ پێداچوونەوە بە مۆڵەتی ئەو کەناڵانەی کە بە گوتەی ئەو "دژی نیشتمانن" و میلیارەها دۆلار لە پەخشی بێبەرامبەری ئەمریکا سوودمەند دەبن بەڵام "درۆ" بڵاو دەکەنەوە.
لە کۆتاییدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێران لە پاشەکشەدایە و تەنیا لەو جەنگانەدا سەردەکەوێت کە لە ڕێگەی ژیریی دەستکرد و میدیاوە دروستیان دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە متمانەی خەڵک بە میدیا چەپەکان لە نزمترین ئاستدایە.
رۆژی یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، براندن کار، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان (FCC) کە سەرپەرشتیاری کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و میدیای ئۆنلاین دەکات، ڕایگەیاندبوو، هەندێک لە دەزگاکانی پەخش ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی مۆڵەتەکانیان دەبنەوە بەهۆی ئەو ڕووماڵە میدیایانەی کە بە چەواشەکار دادەنرێن.