ترەمپ: ئێمە وەک چەتەی دەریایی دەستمان بەسەر نەوتی ئێراندا گرت

ئەرشیف
ئەرشیف

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا دانی بەوەدا نا هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکاندا، وەک "چەتەی دەریایی" رەفتاریان کردووە.

ترەمپ لە میانی وتارێکدا، لەبەردەم ئەندامانی یانەی "فۆڕوم" لە شاری وەست پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا پێشکەشی کرد، باسی لە دەستبەسەرداگرتنی هەردوو نەوتهەڵگری ئێرانی "ماجستیک" و "تیفانی" کرد کە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو. ترەمپ گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی بەسەر هەردوو کەشتییەکە و بارەکەیاندا گرت."

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاشکرا گوتی: "ئێمە دەستمان بەسەر نەوتەکەدا گرت، ئەمە بازرگانییەکی زۆر پڕ قازانجە. کێ چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد؟ ئێمە وەک چەتەی دەریایی رەفتارمان کرد." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان چەتەی دەریایین و یاری ناکەین."

لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەو کارەی ئەمریکای وەک "کردەوەیەکی شەڕانگێزانە و چەتەگەریی دەوڵەتی" وەسف کرد. ئیروانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی دزیوە.

تاران جەخت دەکاتەوە، ئەم رەفتارانەی واشنتن "پێشێلکردنێکی زەقی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە"، بەتایبەتی ماددەی 2 بڕگەی 4، و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە رێکاری پێویست بگرێتەبەر. هەروەها ئێران رایگەیاندووە؛ مافی خۆیەتی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان "بەرەنگاری ئەم کردەوە ئاشکرایانە" ببێتەوە.