ئەکسیۆس: ترەمپ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز رادەگەیەنێت

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی فراوان دەکات بە مەبەستی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە فەرمی رابگەیەنرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ترەمپ تەنیا بە فشاری سەربازی ناوەستێت، بەڵکو بژاردەی کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە نەوتییە گرنگەکانی دوورگەی "خارگ"ی ئێرانی تاوتوێ دەکات. ئەم هەنگاوە پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هێزی زەمینی ئەمریکا هەیە، وەک وەڵامێکە بۆ بەردەوامی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن ئێرانەوە. بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، کۆنترۆڵکردنی ئەم دوورگەیە دەبێتە کوشندەترین گورزی ئابووریی بۆ سەر تاران، چونکە 90%ـیی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لەوێوە ئەنجام دەدرێت.

ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" و لێدوانەکانی بۆ رۆژنامەنووسان، داوای لە وڵاتانی (چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەریتانیا) کردووە بە کەشتی جەنگی و درۆن بەشداری لەم هاوپەیمانییەدا بکەن کە ناوی نراوە "هاوپەیمانی هورمز".

ترەمپ رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ چەندین وڵات قسەمان کردووە و وەڵامی باشمان وەرگرتووە." گوتیشی: "زۆربەی ئەم نەوتە هی ئێمە نییە، بۆیە ئەگەر ئەو وڵاتانە دەیانەوێت نرخەکەی دابەزێت، دەبێت هاوکار بن لە پاراستنی گەرووەکەدا."

لە نوێترین پێشهاتدا، ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کیەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەنجامداوە بۆ هەمان مەبەست. ئەمەش لەکاتێکدایە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی خارگ. ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز بە تۆڕی (NBC)ی راگەیاندووە: "لەوانەیە بۆ خۆشی، چەند جارێکی تریش بۆردومانی ئەو شوێنە بکەین."

ئەم هەوڵانەی واشنتن لە کاتێکدایە، بەهۆی گەمارۆکانی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز، نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ترەمپ پێیوایە تا گەرووەکە نەکرێتەوە، ناتوانێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. بەڵام هۆشداریش دەدرێت کە هەر جووڵەیەکی زەمینی بۆ سەر دوورگەی خارگ، رەنگە ئێران هان بدات وەک تۆڵەکردنەوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی عەرەبستانی سعوودی.