پسپۆڕێک: ئاگرکەوتنەوەکانی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگەی جیهان
ئەلێکساندەر ڤۆرۆتنیکۆف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەکادیمیای نیشتمانیی رووسیا بۆ ئابووری، رایگەیاند؛ ئەو ئاگرکەوتنەوانەی بەهۆی سووتانی نەوت لە ئێران دروست بوون، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە دروست دەکەن.
بەگوێرەی گوتەکانی ڤۆرۆتنیکۆف، دەرەنجامەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کۆگاکانی نەوت لە ئێران کەوتوونەتەوە، هەڕەشەیەکی گوەرەیە بۆ سەر ژینگەی جەمسەری باکوور و تەواوی گۆی زەوی، چونکە دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی توانەوەی سەهۆڵبەندان، پیسبوونی هەوا، لەناوچوونی فرەجۆریی زەندەیی و چەندین کێشەی دیکەی ژینگەیی.
پسپۆرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کێشەیەی لە ئەنجامی سووتانی بەرهەمە نەوتییەکان لە کاتی هێرشەکاندا سەریهەڵداوە، کاریگەرییەکی زۆر قورسی لەسەر ژینگەی هەسارەکە دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەی جەمسەری باکوور. گوتیشی: "تەوژمەکانی هەوا لە کات و شوێنی جیاوازدا بە شێوەی جیاواز دەجووڵێن، بۆیە زۆر روونە کە پاشماوەی ئەو سووتانە زوو یان درەنگ دەگاتە ناوچەی جەمسەری باکوور."
ڤۆرۆتنیکۆف روونی کردەوە، پاشماوەی سووتانی ماددەی "کاربۆنی رەش" (دووکەڵی نیشتوو)ـە، پسپۆڕانیش پێشبینی دەکەن ئەم ماددەیە لە ناوچەی جەمسەری باکوور، بەتایبەت لە جەمسەری باکووری رووسیا بنیشێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی توانەوەی سەهۆڵەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی کەشوهەوا و ژینگەی ناوچەکە و تەواوی زەوی دەبێت، هاوکات دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئاژەڵان و تێکدانی هاوسەنگی بایلۆژی.