کایا کالاس بۆ کوردستان24: کار دەکەین بۆ پاراستنی گەرووی هورمز و دابەزاندنی نرخی نەوت
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بە بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی رایگەیاند، یەکێتییەکە بە وردی تاوتوێی چۆنیەتی هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی دەکات. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی پاراستنی ئاسایشی وزە و جووڵەی بازرگانی جیهانی دێت، لە سایەی ئەو گرژییە توندانەی ئێستا ناوچەکە و جیهانی گرتووەتەوە.
کالاس ئاشکرای کرد، یەکێتی ئەوروپا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە ئەرکی سەربازیی دەریایی "ئەسپایدس". ئامانجەکە ئەوەیە مەودای کارەکانی ئەم هێزە فراوانتر بکرێت تاوەکو گەرووی هورمزیش بگرێتەوە، بە مەبەستی دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریدا.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەوروپا جەختی کردەوە، جەنگ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی ئەوروپا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە لێکەوتەکانی ئەم تووندوتیژییانە لەسەر جێگیریی بازاڕی وزەی جیهانی و گوتی: "دەمانەوێت نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی بێتە خوارەوە، چونکە بەرزبوونەوەکەی کاریگەرییەکی زۆری دروست کردووە."
کایا کالاس هۆشدارییەکی توندی دا لەوەی هەر جۆرە رێگرییەک لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، زیانی گەورەی ئابووریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ناوبراو روونی کردەوە کە کاریگەرییە نەرێنییەکان تەنیا ئەوروپا ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی کیشوەری ئەفریقاش دووچاری قەیران دەکات، بەوپێیەی ئەم گەرووە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و پێداویستییەکان لە جیهاندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، کالاس جەختی کردەوە، داخستنی گەرووی هورمز نەک تەنیا کێشەی وزە، بەڵکو کێشەی جدیی خۆراکیش بۆ وڵاتانی جیهان دروست دەکات، هەر بۆیە پاراستنی ئەم رێڕەوە ئەولەویەتی کاری یەکێتی ئەوروپایە.