داخستنی گەرووی هورمز قەیرانی بەنزینی لە ئوسترالیا دروست کردووە
سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان 12 هەزار کیلۆمەتر لە مەیدانی جەنگەوە دوورە، بەڵام کاریگەرییەکانی جەنگەکە ئوسترالییەکانیشی گرتووەتەوە.
بەنزین و گازوایل لە ئوسترالیا گران بووە و بۆ هەر لیترێک نزیکەی نیو دۆلار بەرز بووەتەوە، نەک تەنیا بەرزبوونەوە بەڵکوو هاووڵاتییان دەبێت نۆرەی بۆ بگرن.
هۆکاری هەموو ئەم کێشانەش جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمزە، ئەم گەرووەش دابینکەری 20%ـی سووتەمەنیی جیهانە.
ئێما فەتەرلیب، هاووڵاتییەکی ئوسترالییە و ئاماژەی بەوە کرد، "من هەفتانە نزیکەی 500 کیلۆمەتر ئۆتۆمبێلەکەم بەکاردەهێنم و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گازوایل بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەرمان هەیە، هاوسەرەکەشم بە هەمان شێوەیە".
روونیشی کردەوە، "دەبێت لەمەودوا بە وریاوە پارە خەرج بکەین بۆ ئەوەی کۆی بکەینەوە و بەنزینی گرانی پێ بکڕین، ئەمەش ئازاربەخشە".
پێش هەڵگیرسانی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، لیترێک بەنزین لە ئوسترالیا نزیکەی دۆلارێک و 90 سەنت بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە دوو دۆلار و نیو. هۆشداریش دەدرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخەکە، نرخی یەک لیتر دەگاتە سێ دۆلار و بگرە بەرزتریش.
ئەم دۆخە ناهەموارە وای لە ئوسترالییەکان کردووە بیر لەوە بکەنەوە کەمتر ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاربهێنن و پارەیەکی زیاتریش بۆ کڕینی سووتەمەنی تەرخان بکەن.
لە لایەکی دیکەوە کریس هێراڵد، هاووڵاتییەکی ئوسترالییە و ئاماژەی بەوە دا، "دەبێت خەڵک لەگەڵ دۆخەکە رابێن، چونکە هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە و رازی بن یان نا نرخەکان هەر بەرز دەبنەوە". ئەوەشی خستە روو، "من چیتر ئۆتۆمبێل کەمتر لێدەخوڕم چونکە ئەو هەموو پارەیەم نییە بیدەم بە بەنزین."
تەنیا ئوسترالیا نییە کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمزی لەسەر دەرکەوتووە، بەڵکوو لە ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاش کاریگەرییەکانی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستی پێ دەکرێت. سەرباری نرخی بەنزین، هێدی هێدی نرخی کەلوپەلیش بەرز دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی کەشتییە بازرگانییەکان دەبێت رێگەی دوورتر ببڕن و بەمەش پارەی زیاتر لەسەر خاوەن کەلوپەل هەژمار دەکرێت.