سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: کردنەوەی گەرووی هورمز کارێکی ئاسان نییە

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێکیدا رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز کارێکی ئاسان نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، نیازی دانوستان لەگەڵ ئێراندا هەیە سەبارەت بە هاتوچۆی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، "کاتێک شەڕەکە رادەوەستێت، پێویستیمان بە جۆرێک لە رێککەوتنی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەبێت، چونکە ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا."

باسی لەوەشکرد، "هەزاران سەربازمان لە قوبرس هەیە و سێ کەتیبەی فڕۆکەی جەنگیش بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران چالاکن"، هەروەها جەختی کردەوە، کردنەوەی گەرووی هورمز کارێکی ئاسان نییە.

ستارمەر راشیگەیاند، "حکوومەتی بەریتانیا لە هەمان کاتدا تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر هاووڵاتییانی بەریتانیا، چونکە تێچووی ژیان بەهۆی تێکچوونی بازاڕەکانی وزەی جیهانییەوە بەرزبووەتەوە."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، حکوومەتەکەی پاڵپشتی ئەوانە دەکات کە بە "چینی کرێکار" وەسفی کردوون، و جەختیشی کردەوە کە کاری لەپێشینە یارمەتیدانی خێزانە بەریتانییەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان کە پەیوەستە بەم قەیرانە نێودەوڵەتییەوە.

لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، حکومەتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پاکێجێکی پاڵپشتیی داراییە بە بڕی نزیکەی 50 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کە زۆرتر پێویستیان بە هاوکارییە، بەتایبەتی لە ناوچە لادێییەکان کە پشت بە سووتەمەنیی گەرمکردنەوە دەبەستن، چونکە بەهۆی شەڕ و پچڕانی دابینکردنی نەوتەوە نرخەکەی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ستارمەر هۆشداریشی دا بە کۆمپانیاکان لە قۆستنەوەی قەیرانەکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان و رایگەیاند، حکوومەت رەنگە رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بەرامبەر بەو کۆمپانیایانەی کە دەسەلمێنرێت دۆخەکەیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی قۆستووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بەتەواوی دانەخراوە، گوتیشی، هاتوچۆی کەشتییەکان، بە مەرجی تایبەت، رێگەپێدراون جگە لەو کەشتی و بەلەمانەی کە دوژمنی ئێرانن.