عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی درێژ کردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، رایگەیاند، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکاندا بۆ ماوەی 72 کاتژمێری تر درێژکرایەوە و بڕیارەکە فڕۆکەکانی هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبوو دەگرێتەوە.

بڕیارەکە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 16ـی ئاداری 2026 (09:00 بە کاتی گەردوونی - UTC) دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و بۆ خۆپارێزییە.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی، روونیشی کردەوە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە دراوە. هەروەها بەپێی گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. لە داهاتووشدا هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکاری و گۆڕانکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.

لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران، مەترسییەکی گەورە لەسەر سەلامەتیی هاتوچۆی ئاسمانی دروست بووە. 

عێراق بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بوونی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، چەندین جار ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا داخستووە. ئامانج لەم رێکارانەی حکوومەتی عێراق تەنیا پاراستنی سەلامەتیی گیانی گەشتیاران و فڕۆکەوانەکانە لە مەترسیی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

 هاوکات چەندین وڵاتی تری ناوچەکە رێکاری هاوشێوەیان گرتووەتە بەر و گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرتووە.