ترەمپ: دوورگەی خارگ بە تەواوی لەکار کەوتووە

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، دوورگەی "خارگ"ی ئێران، کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە، بە تەواوی لە خزمەتگوزاری چوووەتە دەرەوە.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "PBS"ـی ئەمریکی گوتی: "جەنگ نرخێکی کەم و هەرزانە لە بەرامبەر ئەو ساڵانەی کە رژێمی ئێران خەریکی تیرۆر بووە، هەروەها بەڵێنی ئەوەشی دا دوای کۆتایی هاتنی ئەم گرژییانە، نرخی نەوت وزە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن".

سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەشی گوتی: "ئێمە دەتوانین تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناو ببەین، بەڵام ئەگەر ئەوە بکەین، دووبارە بنیاتنانەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت".

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "دوورگەی خارگ ئێستا بە تەواوی لەکار کەوتووە، تەنها ئەو بۆرییانە نەبێت کە خۆمان هێشتووماننەتەوە".

لە کۆتاییدا هۆشداریی دا و گوتی: "رەنگە پەنا بۆ پەکخستنی وێستگەکانی کارەبای ئێران ببەم و جارێکی دیکەش لە دوورگەی خارگ دەدەینەوە، من پێشتر ئەمەم بە ئێرانییەکان راگەیاندووە".