لاریجانی: ئێران رووبەڕووی هێرشێکی فێڵبازانە بووەتەوە و رەخنە لە بێدەنگی وڵاتانی ئیسلامی دەگرێت

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ، لە پەیامێکی ئاڕاستەکراو بۆ موسڵمانانی جیهان و حکوومەتە ئیسلامییەکان، رایگەیاند، وڵاتەکەی لە کاتی دانوستانەکاندا رووبەڕووی "دەستدرێژییەکی فێڵبازانەی ئەمریکی-سەهیۆنی" بووەتەوە.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەو هێرشانە هەڵوەشاندنەوەی ئێران بووە، و بووەتە هۆی شەهیدبوونی سەرکردەیەکی گەورە و فیداکار بۆ شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی و فەرماندەی سەربازی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لاریجانی بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی گرت و گوتی: "بەدەر لە چەند حاڵەتێکی کەم و تەنها لە سنووری سیاسی، هیچ وڵاتێکی ئیسلامی لە تەنیشت گەلی ئێران نەوەستاوە، جەختیشی کردەوە، ئێران بە تەنیا و بە ئیرادەی خۆی توانیویەتی دوژمن تێکبشکێنێت و بیخاتە ناو تەنگژەیەکی ستراتیژییەوە".

سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لاریجانی رایگەیاند: "هەندێک وڵات دەڵێن ئێران بووەتە دوژمن چونکە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، ئایا دەکرێت داوا لە ئێران بکرێت دەستەوستان بێت لە کاتێکدا بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئێوەدا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردێن؟.

لاریجانی هۆشداری دا، ئەمریکا و ئیسرائیل "وەفایان بۆ کەس نییە" و داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە.

 لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، تەنها "یەکڕیزی ئۆمەتی ئیسلامی" دەتوانێت ئاسایش و سەربەخۆیی بۆ هەموو وڵاتان دەستەبەر بکات.