سعوودیە و کوەیت تێکشکاندنی 15 درۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەکانیان راگەیاند

هەریەک لە وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و کوەیت رایانگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا توانیویانە 15 درۆن لە ئاسمانی وڵاتەکانیان بەرپەرچ بدەنەوە و تێکیان بشکێنن، ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران پێی ناوەتە 17ـەمین رۆژەوە.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگری سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیویانە 11 درۆن لە ئاسمانی پارێزگای "خەرج" تێکبشکێنن.

 وەزارەتەکە وردەکاری زیاتری دەربارەی سەرچاوەی درۆنەکان یان زیانە ئەگەرییەکان بڵاونەکردووەتەوە.

هاوکات، وەزارەتی بەرگری کوەیت رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 4 درۆنی پێکاوە و خستوونیەتە خوارەوە، جەختیشی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بەهۆی ئەو رووداوانەوە تۆمار نەکراوە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێت، لە 28ـی شوباتی رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی توندیان کردە سەر ناوخۆی ئێران و تارانـی پایتەخت، ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و سوپای ئێران.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئێران دەستی بە تۆڵەسەندنەوە و وەڵامدانەوەی سەربازی کردووە، کە بەهۆیەوە ئاڵۆزییەکان زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەوانە: عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، شارەزایان پێیان وایە تێکشکاندنی ئەم درۆنانە لە ئاسمانی سعوودیە و کوەیت بەشێکە لە لێکەوتەکانی ئەو جەنگە فراوانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.