پزیشکیان بۆ ماکرۆن: بەرگریکردن لە خۆمان مافێکی سروشتییە و بە باشیی دەیزانین
سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەڕەنسا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشەکان تاوتوێ کرد.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامداوە، لە پەیوەندییەکدا، پزیشکیان جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم جەنگە دڕندانەیەی دەستپێنەکردووە، بەڵام مافی خۆیەتی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرگریکردن لە بەرامبەر هەر هێرش و دەستدرێژییەک، مافێکی سروشتییە و ئێمەش زۆر بە باشی دەزانین چۆن ئەو بەرگرییە بکەین".
لە بارەی هێشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە، پزیشکیان داوای کرد کە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دژی ئێران رابگیرێت، بە پێچەوانەوە ئەو بنکانە دەبنە ئامانجی رەوای کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، سرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەو جۆرە هەنگاوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە بەکارهێنانی بنکەکان دژی ئێران تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا و پێویستە کۆتایی بەو هەوڵانە بهێنرێت.