بەرپرسێکی ئێران رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی پەیوەندیی بە ئەمریکا کردبێت

بەرپرسێکی ئێرانی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە بوونی پەیوەندیی نێوان تاران و واشنتن دەکەن و رایدەگەیەنێت کە ترەمپ بەهۆی فشارەکانەوە بێهیوا بووە و دەیەوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزە یاری بە کارتی دانوستانەوە بکات، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە بارودۆخی ناوچەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ.

دووشەممە 16ی ئاداری 2026، بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاند، ئەو بانگەشەیەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوی کردووەتەوە، " دوورە لە راستییەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ماڵپەڕە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ناسراوە.

ئەو بەرپرسە گوتی: "لە کاتێکدا فشارە سەربازی و ئابوورییەکان لەسەر ترەمپ زیادیان کردووە، ئەو بێهیوا بووە و دەیەوێت لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئاماژە و کەشێکی دانوستان دروست بکات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دابنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وێرانکاری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هاووڵاتییانی ئێران نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو لە زیادبووندایە."

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، تاران هیچ متمانەیەکی بە بەڵێنەکانی ترەمپ نییە، چونکە لە گەرمەی ئەو دانوستانانەی کە پێشتر بە رێوە دەچوون، لانی کەم دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ئێران.

ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نییە ئەگەر بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتمانییە درێژخایەنەکانی ئێران و هاوبەشە ناوچەییەکانی مسۆگەر نەکات، و بە دڵنیاییشەوە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هەڵگیرسانی جەنگ.