یەکێتی ئەوروپا: کەشتی جەنگی نانێرین بۆ گەرووی هورمز چونکە شەڕی ئێمە نییە

بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتییەکە پێشنیاری ناردنی کەشتیی جەنگییان بۆ گەرووی هورمز رەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەم کارە وەکو پەرچەکردارێک بەرامبەر بە گرژی و شەڕی دژی ئێران داواکرابوو.

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، کایا کالاس، کالاس بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل گوتی: "ئەمە شەڕی ئێمە نییە و ئێمە هەڵمان نەگیرساندووە"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتی ئەوروپا خاوەنی نێردەی "ئاسپیدس"ە لە دەریای سوور، بەڵام وەزیرانی دەرەوە هیچ ئارەزوویەکیان بۆ فراوانکردنی ئەرکی ئەو نێردەیە یان ناردنی هێز بۆ گەرووی هورمز نیشان نەداوە.

ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا کردبوو کە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە پێداویستییەکانیان بۆ دەچێت، کەشتییەکانیان بنێرن بۆ ناوچەکە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان. 

هاوکات ترەمپ هۆشدارییەکی توندیشی دابووە ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ کە ئەگەر هاوکاری ئەمریکا نەکەن لە ناوچەکەدا، رووبەڕووی ئەنجامی خراپ دەبنەوە.

لە بارەی ئەم هەوڵانەی ترەمپ و بڕیارەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە، ئێران پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردووە هەر کەشتییەکی سەر بە ئەمریکا، ئیسرائیل یان هەر وڵاتێک کە پشتیوانی لە هێرشە سەربازییەکان دەکات، لە گەرووی هورمز دەکاتە ئامانج.

 گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی 25%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.