عێراق: هێرشەکەی سەر هۆتێل رەشید، پێشێلکاری سەروەری یاسایە

لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و دواتر بەئامانجگرتنی چەندین دامەزراوەی گرنگی وەک کێڵگەی نەوتی مەجنوون، هۆتێلی رەشید و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی بە تەواوی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دا بەپەلە بکەرانی ئەو هێرشانە دەستگیر بکەن و کەمتەرخەمانیش سزا بدەن؛ هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی داوە، هێرشەکەی سەر هۆتێل رەشید، پێشێلکاری سەروەری یاسایە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە زاری سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە سەبارەت بەو زنجیرە هێرشە ئەمنییانەی  دووشەممە 16ـی ئاداری 2026 چەند ناوچەیەکی عێراقیان گرتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رووبەڕووی هێرشی ناپاکانە بوونەتەوە و بە هۆییەوە چەندین کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە، لە هەمان کاتدا چەندین هێرشی پاساونەهێنراو کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی هەستیار و نێردە دیپلۆماسییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە کە عێراق بە خۆییەوە دەیبینێت.

لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە ناوەندە بەئامانجگیراوەکان کردووە و دەڵێت: "کێڵگەی نەوتی مەجنوون، هۆتێلی رەشیدی نێودەوڵەتی و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پایتەخت رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بوونەتەوە، کە ئەمەش کارێکی تاوانکارییە و لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر وڵات هەیە و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئاوەدانی دەخاتە مەترسییەوە."

لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە، محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانی بە تەواوی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردووە کە بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو هێرشانە بکەن و دەستبەجێ رادەستی دادگایان بکەن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئاسایشی دەوڵەت و سەلامەتیی هاووڵاتییان هێڵێکی سوورە و نابێت ببەزێنرێت." هاوکات فەرمانی داوە لێپرسینەوەی توند لەو ئەفسەر و هێزە ئەمنییانەش بکرێت کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا لە ناوچەکانی بەرپرسیارێتیی خۆیاندا کەمتەرخەم بوون.

سەبارەت بەو رووداوەی لە نزیک هۆتێل رەشید لە پایتەختی عێراق روویدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونکردنەوەیەکی نوێی بڵاو کردەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: "دوای ئەوەی تیمە تایبەتەکانی بەڵگەی تاوان پشکنینی مەیدانی و تەکنیکییان بۆ شوێنی رووداوەکە ئەنجامدا، دەرکەوت کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) خۆی کێشاوە بە پەرژینی سەرەوەی هۆتێلەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان زیانێکی مادیی ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە."

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە رێوشوێنە لێکۆڵینەوەیی و تەکنیکییەکانیان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی بارودۆخ و هۆکارەکانی پشتی رووداوەکە، و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست.

وەزارەتی ناوخۆ بە توندی سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکانی کارکەر لە عێراق و دەڵێت: ئەم نێردانە لە چوارچێوەی یاسادا کار دەکەن و بەپێی یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پاراستنی تەواویان بۆ دابینکراوە. بەئامانجگرتنیان کارێکی رەتکراوەیە و پێشێلکردنی سەروەریی یاسایە، هەرکەسێکیش ئەو کارە بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتەکە پێداگری لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی کردووەتەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و بارەگا هەستیارەکان، و بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ هەر کەس و لایەنێک بکات کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بدات.