واشنتن: ئامانجمان رێگرتنە لە خامەنەئی لە كۆنترۆڵكردنی نیوەی ئابووری ئێران

قەوارەكان بەكاردێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئابووری بە بیانووی یارەمەتیدانی گەل

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ رایگەیاند، ئامانج لە سزاكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران رێگاگرتن بوو لە رێبەری ئێران، عەلی خامەنەئی لە كۆنترۆڵكردنی نیوەی ئابووری ئێران.

پۆمپێیۆ گوتی: "خامەنەئی قەوارەكان بەكاردێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ئابووری بە بیانووی یارەمەتیدانی گەل".

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دوای ئەوە ھات، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، سزای نوێی بەسەر 3 كەس و 16 قەوارەی ئێرانیدا سەپاند، لە نێویاندا دوو كۆمپانیای سەر بە رێبەری ئێران عەلی خامەنەئی ھەیە.

لەم بارەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا. ستیڤن منوچین گوتی: ھەردوو رێكخراوەكە رێ بە بژاردەی ئێرانی دەدات بەردەوام بن لە سیستەمی موڵكداری گەندەڵ لە زۆر كەرتی گەورەی ئابووری ئێران.