پارەكانی ئێران بەرامبەر بە كەشتی دەستبەسهرداگیراو
بەرپرسێكی كۆریایی: ئێران دەستبەسەركردنی كەشتییەكەی كۆریا بە پارەكەی دەبەستێتەوە
K24 – ھەولێر:
وێڕای رەتكردنەوەی بەرپرسێكی ئێرانی، كەوا ھیچ پەیوەندییەك نیە لە نێوان دەستبەسەركردنی كەشتی نەوتی سەر بە كۆریای باشوور لە ھەفتەی رابردوو بە پارە سڕكراوەكانی ئەو لە سیئۆڵ، بەڵام بەرپرسێكی كۆریایی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرایكرد، تاران ئەو مەسەلەیە بە بڕگەیەك دادەنێت لە دانوستانەكانی ئازادكردنی ئەو كەشتیە نەوت ھەڵگرە، بەپێی ئاژانسی "یونھاب"ی كۆریایی.
گوتیشی: ئاماژەكانی بەرەوپێشچوونی دانوستانەكان لەنێوان وڵاتەكەی و تاران زۆر لاوازە.
بەسیاسەتنەكردنی پرسەكە
ئەمە دوای ئەوە ھات، ئێران رۆژی دووشەممەی رابردوو، داوایكرد پرسی دەستبەسەركردنی كەشتی "ھانكۆك چیمی" بە سیاسی نەكرێت و داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و فەرەنسا كرد، دەستوەردان لەم پرسە نەكەن؛ پاش ئەوەی ھەردووكیان داوایانكرد "دەستبەجێ" كەشتییەكە ئازاد بكرێت.
پاسدارانی ئێران، لە 4ی كانوونی دووەم رایانگەیاندبوو، دەریاوانی ئەوان كەشتی "ھانكۆك چیمی"یان راگرتووە، بە بیانووی "سەرپێچیكردنی یاساكانی ژینگهی دەریایی".
لە لایەن خۆیەوە سیئۆڵ داوایكرد، بەپەلە كەشتیەكە و تیمەكەی ئازاد بكەن، كە لە 20 كەس پێكھاتووە.
7 ملیار دۆلار

یەكشەممەی رابردوو، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆریای باشوور، چوی جۆنگ- كون گەیشتە تاران، لە سەردانێكدا، كە پێشتر بڕیاری لەسەردرابوو، بۆ باسكردنی مەسەلەی كەشتییەكە، ئەمە جگە لە دواكاری تاران لە سیئۆڵ بۆ رێگاپێدانی لە بەكارھێنانی پارەكانی ئێران لە كوریا.
دوای چەند رۆژێك لە دەستەسەركردنی كەشتیەكە، ئێران كۆریایی باشووری تۆمەتباركرد بە دەستبەسەركردنی پارەكانی كە 7 ملیار دۆلارە و رێگا بە ئێران نادات بەكاریان بھێنێت لە سایەی سزاكانی سەپێنراو لە لایەن واشنتنەوە بەسەر وڵاتەكەیاندا.
"بەربەستی ھەرە گەورە"

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف، مەسەلەی پارە سڕكراوەكانی بە "بەربەستی ھەرە گەورە" دانا لە پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان ھەردوو وڵاتدا، داواشیكرد، رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ لابردنی "لە نزیكترین كاتدا" بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
سەبارەت بە كەشتییە كۆریاییەكە، زەریف دووپاتی كردەوە، "حكومەت ناتوانێت دەست بخاتە نێو رێڕوی دادگایی" پەیوەست بە كەشتییەكە. ھەڵوێستی وڵاتەكەشی دووبارە كردەوە لەوەی راگرتنی كەشتییەكە، بریتی بوو لە "مەسەلەیەكی تەكنیكی و لە چوارچێوەو یاسا و دادگادا" مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەپێی راگەیاندراوی وەزارەت.
ئاماژە دەكرێت، ئێران یەكێكە لە وڵاتە ھەرە دیارەكانی ھەناردەكردنی نەوت بۆ كۆریای باشوور، یەكێك لە ھاوپەیمانە ھەرە نزیكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رۆژھەڵاتی ئاسیا. بەڵام سیئۆڵ كڕینی نەوتی ئێرانی راگرت، دوای ئەوەی واشنتن سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاند.