ستاندارد ئاند پورز، هۆشدارییەکی توند دەداتە بەغدا
ئاژانسی جیهانی "ستاندارد ئاند پورز" (S&P Global) رایگەیاند؛ پلەی متمانەی دارایی سیادیی عێراقی بۆ ماوەی درێژخایەن لەسەر ئاستی "B-" خستووەتە ژێر چاودێریی نەرێنی. ئەم هەنگاوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دابەزاندنی پلەی متمانەی ئەو وڵاتە دێت، دوای ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەهۆی هەڵکشانی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەزیوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4.2 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە. ئەم دابەزینە گەورەیە دوای داخرانی کردەیی گەرووی هورمز دێت لە 28ی شوباتەوە، بەهۆی چڕ بوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەییەکان روویداوە.
عێراق خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی خاوە لە جیهاندا و سێیەم گەورەترین هەناردەکاری ناو هاوپەیمانی "ئۆپێك پڵەس"ە. کەرتی نەوت بڕبڕەی پشتی ئابووریی وڵاتەکەیە، بەجۆرێک نزیکەی 60%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، 90%ی داهاتی دەوڵەت و 95%ی کۆی داهاتی هەناردەکردن پێکدەهێنێت.
ئاژانسی "ستاندارد ئاند پورز" هۆشداری داوە، بەردەوامبوونی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ، کاریگەرییەکی نەرێنی قووڵی لەسەر دۆخی دارایی و دەرەکیی عێراق لە ساڵی 2026 دەبێت، تەنانەت ئەگەر وڵاتەکە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی دراوی بیانیش بێت.