گوێگرتنی کۆنگرێس لە بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر جەنگی ئێران دەست پێدەکات
دانیشتنەکانی ساڵانەی کۆنگرێس بۆ گوێگرتن لە هەڕەشە جیهانییەکان دەستپێدەکات. ئەمساڵ، سەرنجەکە لەسەر جەنگی ئێران دەبێت.
پێشبینی دەکرێت گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی و هەواڵگری لە رۆژی چوارشەممەوە (18ـی ئاداری 2026) لە ئەنجوومەنی پیران و پاشان رۆژی پێنجشەممە (19ـی ئاداری 2026) لە ئەنجوومەنی نوێنەران رووبەڕووی لێپرسینەوەی چڕ ببنەوە سەبارەت بە رێڕەوی جەنگی ئێران، بەتایبەتی دوای ئەو راپۆرتانەی بەرپرسیارێتیی هێزەکانی ئەمریکایان لە بۆردومانکردنی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران پشتڕاست کردەوە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 165 قوتابیی کچ.
گوشارەکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نین، بەڵکوو درێژ دەبنەوە بۆ ئاستی توانای دەزگا ئەمنییەکان و لە سەروویانەوە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمەش دوای ئەوە دێت هێرشی نوێ کرایە سەر پەرستگایەکی جووەکان لە ویلایەتی میشیگن و زانکۆیەک لە ڤێرجینیا.
ئەم دانیشتنانە لە چوارچێوەی زیادبوونی دابەشبوونەکانی ناو خودی ئیدارەی ئەمریکادا دێن و بەشێوەیەکی روونیش لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکەوت و ناڕەزایەتیی بەرانبەر جەنگەکە و کشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند. جۆ کێنت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونی کردەوە، ناتوانێت بە ویژدانێکی ئاسوودەوە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بکات. ئاماژەی بەوەش دا، ئێران هەڕەشەیەکی نزیک نییە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕیاری جەنگەکەش لەژێر گوشاری ئیسرائیلدا دراوە.
کۆتایی مانگی شوباتی 2026، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئادار، بەردەوامە.
هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بەچڕی خاکی ئێران و پێگەی میلیشیاکانی نزیک لە تاران لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج. لە بەرانبەردا، ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی لەرێگەی هەڵدانی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و شارەکانی ئیسرائیل.
ئەم جەنگە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی راگرتنی تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە ئێستاشدا تەنیا بژاردەی سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە.