قالیباف: ستراتیژیی هەڵە، هەمیشە ئەنجامی هەڵەی دەبێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەن بۆ وانەدان بە هەر دەستدرێژییەک و هۆشداری دا کە بڕیارە هەڵەکان ئەنجامی هەڵەیان دەبێت.
دووشەممە 11ی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی "نەیارانی وڵاتەکەی" کرد. قالیباف جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک.
قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ستراتیژیی و بڕیاری هەڵە، هەمیشە ئەنجامی هەڵەی دەبێت؛ جیهان پێشتر لەمە تێگەیشتووە." ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لێکدرایەوە، کە تاران پێیوایە شکستیان هێناوە لە چۆکدانان بە ئێران.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە زمانێکی هەڕەشەئامێز کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا و گوتی: "ئێمە بۆ هەموو بژاردەکان ئامادەین؛ تووشی سەرسوڕمان دەبن."
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا هێزی سەربازیی زیاتریان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز کۆکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاوی کردبووەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەمان رۆژدا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاو کردبووەوە و تێیدا نووسیبووی: "من ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بە ناو 'نوێنەرانی ئێران'ن. بە هیچ شێوەیەک بە دڵم نییە؛ بە تەواوی قبووڵنەکراوە.