ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەکات

تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی جیددی تاوتوێی دەستپێکردنەوەی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی ئێران دەکات.

بەگوێریە سەرچاوەکان، ترەمپ پێیوایە بوونی ناکۆکی لە نێوان سەرکردایەتی ئێراندا دەبێتە هۆی ئەوەی تاران لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا سازشی جەوهەری بکات. ترەمپ وەڵامی کۆتایی ئێرانی سەبارەت بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە "گەمژانە و قبوڵنەکراو" وەسف کرد و رایگەیاند؛ رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ تاران لە "ژووری چاودێری ورددایە" و تەنیا یەک لەسەدی هەلی مانەوەی ماوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "پێشنیازەکەی ئێران هێندە خراپە تەنانەت ئۆباما و بایدنیش قبوڵیان نەدەکرد. ئێمە دوو ریز لە سەرکردەکانی ئێرانمان لەناو بردووە و پێشتریش لە رێگەی چەکەکانمانەوە شوێنە ئەتۆمییەکانیانمان بە توندی پێکاوە." ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامەکەی ئێران هیچ گەرەنتییەکی تێدا نەبووە کە تاران هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات.

لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان بەهۆی گەیشتنی دانوستانەکان بە بنبەست. یەکێک لە بژاردەکان دەستپێکردنەوەی "پڕۆژەی ئازادی"یە بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنەوەی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر ئەو سەدا 25ـەی ئامانجانەی کە سوپای ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران دەستنیشانی کردوون و تا ئێستا لێیان نەدراوە.