ئێران: بە توندی تۆڵە دەکەینەوە و ژێرخانی وزەی وڵاتانی هێرشبەر دەکەینە ئامانج
قەرارگەی خاتەم ئەلئەنبیا، رایگەیاند، دوژمنان دەبێت چاوەڕێی وەڵامی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بە ئامانجگرتنی کێڵگەی گازی "پارس".
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، قەرارگەی خاتەم ئەلئەنبیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،"دوژمنی تاوانبار دەستدرێژی کردووەتە سەر بەشێک لە ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێران لە باشووری وڵات".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە،"وەک پێشتر هۆشداریمان دابوو، ئەگەر ژێرخانی سووتەمەنی، وزە، گاز و ئابووری وڵاتەکەمان رووبەڕووی هێرشی ئەمریکی - زایۆنی بێتەوە، ئەوا وەڵامدانەوەی توندمان بۆ سەر رێژخانی دوژمن دەبێت، هاوکات بە توندی هێرش دەکەینە سەر سەرچاوەی دەستدرێژییەکە، ئێمە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سووتەمەنی، وزە و گاز لە وڵاتی سەرچاوەی هێرشەکە بە مافێکی رەوای خۆمان دەزانین و لە نزیکترین دەرفەتدا بە توندی تۆڵە دەکەینەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، هێرشێکی موشەکی بەرفراوانی کردە سەر دامەزراوە هەستیارەکانی وزەی ئێران، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، هێرشەکە زیانی بە پاڵاوگەکانی کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" لە ناوچەی عەسەلویە لە باشووری وڵات گەیاندووە.
وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاندووە، چەند دامەزراوەیەک لە ناوچەی وزەی پارس بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی کوژران یان برینداربوون بەهۆی ئەم هێرشانەوە نییە و لە ئێستادا کارەکانی ساردکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە".
لای خۆیەوە قەتەر ئەم هێرشەی سەرکۆنە کرد و بە هەنگاوێکی ترسناک و نائەرکناسانە وەسفی کرد لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی سەربازیی ئێستای ناوچەکەدا.
کێڵگەی پارسی باشووری ئێران درێژکراوەی سروشتی کێڵگەی شیمالی قەتەرە و پێکەوە گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی جیهان پێکدەهێنن، کە نزیکەی 17%ی یەدەگی گازی جیهانی لەخۆدەگرێت.
قەرارگەی "خاتەم ئەلئەنبیا"ی ئێران رۆژی چوارشەممەی رابردوو، هۆشدارییەکی توندی دابووە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەروەها هەڕەشەی وەڵامێکی توند و تێکشکێنەری کردبوو بۆ هەر هێرشێک کە ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی ئێران بکاتە ئامانج.
ئێران هەڕەشەی کردبوو، لە ئەگەری روودانی دەستدرێژییەکی لەو شێوەیە، تەواوی ژێرخانی نەوت و گازی ناوچەکە کە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی سوودی لێ دەبینن، دەسووتێنرێت و لەناو دەبرێت.