سکرتێری گشتیی ناتۆ: تاوتوێی بژاردە هاوبەشەکان دەکەین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، وڵاتانی هاوپەیمان لە ناو رێکخراوەکەدا خەریکی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بژاردەی هاوبەشن بە مەبەستی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، مارک روتە سکرتێری گشتی ناتۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "هاوپەیمانان چەندین بژاردەی جۆراوجۆر و هاوبەش تاوتوێ دەکەن بۆ ئەوەی گەرووی هورمز دووبارە بکرێتەوە".

ئەم لێدوانانەی ناتۆ لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانەکانی کردبوو بەهۆی دوودڵییان لە بەشداریکردن لە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

 ئەم گەرووە کە دەکەوێتە کەناراوەکانی ئێران، یەکێکە لە گرینگترین رێڕەوەکانی بازرگانی و گواستنەوەی وزە لە جیهاندا و پێشتر ئێران هەڕەشەی داخستنی کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، رووسیا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم پرسە راگەیاند، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی کردەوە، وڵاتەکەی پێی وایە گەڕانەوەی ئاساییش و دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، تەنها لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە دەکرێت و بە رێگەی دیکە بەدی نایەت.