ترەمپ: ئیسرائیل چیتر پارس ناکاتە ئامانج
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند و بێپێشینە ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە گازییەکانی وڵاتی قەتەر، ئەمریکا تەواوی کێڵگەی گازی " پارس" بە هێزێک وێران دەکات کە ئێران پێشتر هەرگیز نەیبینیبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ئیسرائیل لە ئەنجامی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشێکی توندی کردووەتە سەر بەشێکی کێڵگەی گازی " پارس" لە ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگاداری ئەو هێرشە نەبووە و وڵاتی قەتەریش بە هیچ شێوەیەک دەستی لەو کارەدا نەبووە و زانیاری پێشوەختەشی نەبووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بەهۆی نەبوونی زانیاری دروست، بە شێوەیەکی "نادادپەروەرانە" هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دامەزراوەکانی گازی سروشتی (LNG)ی وڵاتی قەتەر، کە ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هێرشەکەی ئیسرائیل ئەنجامدراوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کردووە کە ئیسرائیل چیتر هێرش ناکاتە سەر ئەو کێڵگە گازییە، مەگەر ئێران "بڕیارێکی نادروست" بدات و هێرش بکاتە سەر لایەنێکی بێتاوان وەک قەتەر. ترەمپ هۆشداری دا و گوتی: لەو حاڵەتەدا، ئەمریکا چ بە هاوکاری ئیسرائیل بێت یان بە تەنیا، تەواوی کێڵگەی گازی پارس دەتەقێنێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەرچەندە نایەوێت ئاستێکی لەو شێوەیە لە وێرانکاری و توندوتیژی بەکاربهێنێت بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر داهاتووی ئێران، بەڵام ئەگەر دامەزراوەکانی گازی قەتەر جارێکی دیکە بکرێنە ئامانج، لە "سڕینەوەی کێڵگە گازییەکەی ئێران" سڵ ناکاتەوە.