راپۆرتێک: جەنگی ئێران سنوورەکانی هێزی ئەمەریکای دەرخست
گۆڤاری فۆرین ئەفێرسی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن ویلیام ماکرەیڤن، فەرماندەی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاوە نووسراوە، باس لە سنوورەکانی هێزی ئەمەریکا دەکات و جەنگی ئێران بە نموونەیەکی زەقی ئەو هەڵە ستراتیژییە دادەنێت کە تێیدا پشت بە هێزی سەربازی دەبەسترێت بەبێ ئامانجی سیاسیی روون و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
ماکرەیڤن لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە، نموونەیەکی روونی تێنەگەیشتنی بڕیاردەرانی ئەمەریکایە لە سنوورەکانی هێز. بە گوتەی نووسەر، جەنگەکە بەبێ بیانوویەکی روون و بە ئامانجی گۆڕاوەوە دەستیپێکرد، لە گۆڕینی دەسەڵاتی تاران و نەهێشتنی خواستە ئەتۆمییەکانییەوە، تا گەیشتنە کردنەوەی گەرووی هورمز کە پێش جەنگ دانەخرابوو، و ئەنجامەکانیشی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپ بوون.
نووسەر پێی وایە ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەست نییە بە ئیدارەی ترەمپەوە، بەڵکوو لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە زیادەڕۆیی لە متمانەکردن بە هێزی سەربازی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان بووەتە دیاردەیەکی ستراتیژیی ئەمەریکا و لە 25 ساڵی رابردووشدا خراپتر بووە.
وانە مێژووییەکان: لە ڤێتنامەوە بۆ گەردەلوولی بیابان و عێراق
لە راپۆرتەکەدا باس لە شکستەکەی ڤێتنام کراوە، کە تێیدا ئەمەریکا زۆربەی شەڕە مەیدانییەکانی دەبردەوە بەڵام جەنگەکەی شکستی هێنا، چونکە تەنیا تەکنەلۆژیا و توانای ئاگر سەرکەوتنی ستراتیژی مسۆگەر ناکەن.
لە بەرامبەردا، ماکرەیڤن جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 (ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان) لە سەردەمی جۆرج ئێچ دەبلیو بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بە باشترین نموونەی بەکارهێنانی هێزی ئەمەریکا دەزانێت، چونکە لەسەر سێ بنەما وەستابوو: بەدەستهێنانی ڕەوایی ئەخلاقی و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فراوانی 36 وڵاتی بە بەشداریی وڵاتانی عەرەبی و دابەشکردنی تێچووەکان، هەروەها دیاریکردنی ئامانجی روون و سنووردار بۆ دەرکردنی سوپای عێراق لە کوەیت بێ ئەوەی بچنە ناو بەغدا یان جەنگەکە درێژ بکەنەوە.
نووسەر دەڵێت دوای ئەو سەرکەوتنە، تەکنەلۆژیای سەربازی جۆرێک لە لەخۆباییبوونی دروست کرد کە لە جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراقدا دوای 11ی ئەیلوول دەرکەوت؛ تێیاندا ئەمەریکا بە پشتبەستن بە هەواڵگریی هەڵە و بێ رەچاوکردنی بنەماکانی جەنگ، کەوتە ناو جەنگی درێژخایەنەوە و سەرکەوتنی خێرا نەیتوانی ببێتە سەرکەوتنی سیاسی.
بۆچی ئێران جیاواز بوو؟
بە گوتەی ماکرەیڤن، دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد لە سووریا، لاوازبوونی حەماس و حزبوڵڵا، لاوازبوونی رێبەری باڵای ئێران و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا، بڕیاردەرانی ئەمەریکا جارێکی دیکە وایان زانی تەکنەلۆژیا و ئازایەتیی سەربازان وا دەکەن لەشکاننەهاتوو بن.
راپۆرتەکە هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی جەنگی ئێران بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
نەبوونی رەوایی و هاوپەیمانان: جەنگەکە لە 28ی شوباتدا بە هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد بێ ئاگادارکردنەوەی هاوپەیمانان و وڵاتانی عەرەبی. هەروەها هێرشێکی ئاسمانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 120 قوتابی، و داننەنان بەو هەڵەیەدا متمانەی لاواز کرد؛ بۆیە دواتر کاتێک واشنتن داوای هاوکاریی لە هاوپەیمانەکان کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، وەڵامیان نەدایەوە.
ناڕوونیی ئامانجەکان: ئامانجەکان رۆژانە دەگۆڕان و تەنیا بە هێزی ئاسمانی بێ هێزی زەمینی، گەیشتن بە سەرکەوتن ئەستەم بوو.
جوگرافیا و ئیرادەی بەرامبەر: گەرووی هورمز وەک قەڵغان و چەکی کۆمەڵکوژی ئێران وابوو دژی داگیرکاری، هاوکات مێژووی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق نیشانی دابوو کە ئێرانییەکان بۆ مانەوەیان بە توندی دەجەنگن.
سێ مەترسیی نوێ و شەش سنووری هێزی ئەمەریکا
فۆرین ئەفێرس هۆشداری دەدات کە سێ ڕەوتی بنیاتی لە ئەمەریکادا رەنگە دۆخەکە بەرەو خراپتر ببەن: تاکڕەویی کەسی لە سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیدا کە تێیدا دڵسۆزی بۆ سەرۆک دەخرێتە پێش دڵسۆزی بۆ دامەزراوەکان؛ بەسیاسیکردنی سوپا لە ڕێگەی دوورخستنەوەی فەرماندە باڵاکان لەلایەن پیت هێگسێت، وەزیری جەنگەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەفسەران نەوێرن راوێژی راشکاوانە بدەن؛ هەروەها پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە ژیریی دەستکرد و چەکی نوێ.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە شەش سنووری سەرەکی دەستنیشان دەکات کە تەنانەت بەهێزترین سوپای جیهانیش ناتوانێت تێیانپەڕێنێت: ناڕوونیی ئەخلاقی و نەبوونی رەوایی، بەربەستە جوگرافییەکان و گەرووە دەریاییەکان، ئیرادەی بەرگریکردنی دوژمن، دوودڵی لە ناردنی هێزی زەمینی، سنووری کات و بێزاربوونی ڕای گشتی لە جەنگی درێژخایەن، هەروەها ئاست و لێهاتوویی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازی.