شازادەی مووشەکەکان، ئایا کچەکەی کیم جۆنگ ئون دەبێتە یەکەم ئیمپراتۆری کۆریای باکوور؟
لە نێوان لولەی تۆپەکان و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستیدا، رووخساری کچێکی تەمەن 13 ساڵان دەردەکەوێت کە چیتر تەنیا وەک کچی رێبەر نابینرێت، بەڵکو وەک "چەکە دڵخوازەکەی" باوکی وەسف دەکرێت. کیم جو-ئێ، ئێستا هاوەڵی هەمیشەیی کیم جۆنگ ئونی باوکییەتی لە مەترسیدارترین مانۆڕە سەربازییەکاندا، ئەمەش پرسیارێکی لای چاودێرانی جیهان دروست کردووە: ئایا پیۆنگیانگ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لەژێر سایەی حوکمی "ئیمپراتۆرێکدا" دەبێت؟
هەنگاوەکانی کیم جۆنگ ئون چیتر بەبێ کچەکەی نین. لە دوایین دەرکەوتنیاندا، "جو-ئێ" تەنیا وەک بینەرێک نەبوو، بەڵکو کاتێک بە وردی و جێگیرییەوە دەمانچەی بەدەستەوە بوو و تەقەی دەگرت، سەرنجی میدیاکانی راکێشا. ئەمە دیمەنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی روونی باوکی بوو کە دەیەوێت بڵێت: "سەرکردایەتیکردن لە دەست لێدانی چەکەوە دەست پێ دەکات."
هەرچەندە حوکمڕانی لە کۆریای باکوور هەمیشە بە سیستمێکی پیاوسالاریی توند ناسراوە و تەنیا کوڕان دەبنە جێنشین، بەڵام هەواڵگریی کۆریای باشوور باس لە گریمانەیەکی جیاواز دەکات؛ کیم جو-ئێ بۆ ئەوە ئامادە دەکرێت ببێتە رێبەری داهاتوو.

بەو پێیەی کیم جۆنگ ئون لە سەرەتای چلەکانی تەمەنیدایە، ئەم دەرکەوتنانە لای زۆرێک جێی سەرسوڕمانە. ئایا ئەمە ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، یان تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی کیم وەک "باوکی نەتەوە" دەربکەوێت کە ئاسایشی نەوەکانی داهاتوو بە چەکە ئەتۆمییەکانەوە دەبەستێتەوە؟
لە پیۆنگیانگ، میدیا فەرمییەکان بەوپەڕی پیرۆزییەوە باس لە "جو-ئێ" دەکەن. نازناوی وەک "کچە خۆشەویستەکە و رێزدار"یان بۆ بەکارهێناوە، تا گەیشتووەتە نازناوی (Hyangdo)، کە بە واتای "کەسایەتییەکی مەزن لە رێنمایی و ئاڕاستەکردن" دێت؛ ئەم نازناوە تەنیا بۆ رێبەران و جێنشینەکان تەرخان کراوە.
جیهان ناوی ئەم کچەی بە رێکەوت لە ساڵی 2013 لە زاری دینیس رۆدمانی ئەستێرەی باسکەی ئەمریکییەوە بیست، کاتێک گوتی "جو-ئێ"ی وەک کۆرپەیەک لە باوەش گرتووە. ئێستا دوای 13 ساڵ، ئەو منداڵە نەک هەر لە باوەشی باوکیدا نەماوە، بەڵکو لە پرۆتۆکۆلە فەرمییەکاندا هەندێکجار هەنگاوێک لە پێش باوکی و ژەنراڵە بەتەمەنەکانەوە دەڕوات. هەواڵگریی سیئۆل ئاماژە بەوە دەکات کە کیم جۆنگ ئون لە بڕیارە سیاسی و سەربازییەکاندا راوێژ بە کچە مێرمنداڵەکەی دەکات.

وێستگە گرنگەکانی دەرکەوتنی، لە تشرینی دووەمی 2022دا یەکەم دەرکەوتنی فەرمی لە کاتی هەڵدانی مووشەکێکی کیشوڕبڕ، لە ئەیلوولی 2025دا یاوەریی باوکی کرد لە گەشتێکی فەرمی بۆ چین و بەشداریی کۆبوونەوە باڵاکانی کرد، هەروەها سەری ساڵی 2024دا سەردانی گۆڕستانی باپیر و باپیری گەورەی کرد، کە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ چەسپاندنی شەرعیەتی لە بنەماڵەی "بایکیتۆ".
سەرکەوتنی خێرای "جو-ئێ" پرسیاری لەسەر چارەنووسی کیم یۆ جۆنگی پوریشی دروست کردووە، کە پێشتر بەهێزترین ئافرەتی ناو دەسەڵات و راوێژکاری نزیکی کیم بوو. چاودێران پێیان وایە کچە بچووکەکە خەریکە پێگەکە لە ژێر پێی پورەکەی دەردەهێنێت.

جو-ئێ تەنانەت لە ستایلی جلوبەرگیشیدا جیاوازە؛ تەنیا کەسە رێگەی پێ بدرێت بە قژی بەڕەڵا لە بۆنە فەرمییەکاندا دەربکەوێت، زۆرینەی کات بە چاکەتی چەرمی رەشەوە دەردەکەوێت کە هاوشێوەی جلەکانی باوکییەتی. ئەو وەک خانمێکی دەوڵەت دەردەکەوێت نەک مێرمنداڵێک کە خەریکی ئەسپسواری و خلیسکێنەی سەر بەفر بێت.

ئیدی چ جێنشینی داهاتوو بێت یان تەنیا سیمبولێکی پڕوپاگەندەیی، کیم جو-ئێ چیتر منداڵێکی ئاسایی نییە. ئەو کچێکە لەژێر سێبەری مووشەکەکاندا گەورە بووە و لەسەر دەستی باوکی وانەکانی هێزی خوێندووە، تا ببێتە وێنەیەکی بچووککراوەی رێبەرێک کە داهاتووی ئیمپراتۆریەتە ئەتۆمییەکەی لە چاوی کچەکەیدا دەبینێت.