واشنتن: سەركردەی حەشدی شەعبی عێراقی "تیرۆریستێكی جیھانی"یە

پێشتر لە كاری توندوتیژی تایفی تێوەگلاون، لەوانەش رفاندنی بەسەدان پیاو لە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش

تیرۆریست ئەبوو فدك نوێنەرایەتی حكومەتی عێراق دەكات لە یەكێك لە كۆبوونەوە فەرمییەكان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتۆەكانی جینین پلاسخارت
تیرۆریست ئەبوو فدك نوێنەرایەتی حكومەتی عێراق دەكات لە یەكێك لە كۆبوونەوە فەرمییەكان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتۆەكانی جینین پلاسخارت

K24 – ھەولێر:

وەزاره‌تی دەرەوەی ئەمەریكا راگەیاند، ئەمینداری گشتی پێشووی كەتایبی حزبوڵڵا، عەبدولعەزیز ملوح محەمەداوی- ناسراو بە "ئەبوو فدك"، "تیرۆریستێكی جیھانی".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیاندراوێكدا، دوێنی پێنجشەممە گوتی: كەتایبی حزبوڵڵای، رێكخراوێكی تیرۆریستیی سەر بە ئێرانە، ھەوڵدەدات ئەجێندا پیسەكەی ئێران لە ناوچەكەدا بەھێز بكات و بەرپرسیارییەتی خۆی لەچەندین ھێرشی تیرۆریستی لە عێراق راگەیاندووە، لەوانەش ھێرشكردن بە بۆمبی چێنراو، ھێرشكردن بە گوللـەی ناڕاستەوخۆ و ھێرشكردن بە بۆمبە مووشەكییەكان، ئەمە جگە لە تێوەگلانی بەبەرفراوانی لە كاری دزینی سەرچاوەكانی دەوڵەتی عێراقی، كوشتن، رفاندن و ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی لە عێراق.

لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژەكراوە بەوەی محەمەداوی كاردەكات لەگەڵ پاسدارانی ئێرانی- فەیلەقی قودس- بۆ پێكھێنانی دامەزراوە فەرمییە ئەمنییەكانی دەوڵەتی عێراقی دوور لە ئامانجە راستەقینەكانی خۆی لە پارێزگاریكردن لە دەوڵەتی عێراقی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵكو لە جیاتی ئەوە بۆ پشتیوانیكردن لە چالاكییە پیسەكانی ئێران ئەو كارە دەكات.

وەزارەتی دەرەوە گوتیشی: ئەو گروپانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، لەوانەش ئەوەی محەمەداوی ئێستا رۆڵی سەركردایەتییان تێدا دەگێڕێت، پێشتر لە كاری توندوتیژی تایفی تێوەگلاون، لەوانەش رفاندنی بەسەدان پیاو لە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش.

راگەیاندراوەكە روونیكردووەتەوە، ئامانج لە پۆلینكردنی محمەداوی وەك تیرۆریستێكی جیھانی رێگاگرتنییەتی لە سەرچاوەی پێویست بۆ پلاندانان و جێبەجێكردنی ھێرشە تیرۆریستییەكان و ھەموو موڵك و بەرژەوەندییەكانی لە ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لەگەڵ قەدەغەكردنی ھەر مامەڵەیەكی ئەمەریكاییەكان لەگەڵیدا.

لە كۆتایی شوباتی رابردوو، بە دەستنیشاكراوی دوای چلەی كوشتنی ئەبوو مەھدی موھەندیس، دەستەی حەشدی شەعبی عەبدولعەزیز محەمەداوی ناسراو بە "ئەبوو فدك" لە شوێنی ئەوی كرد بە سەرۆك ئه‌ركانی حەشدی شەعبی وەك شوێنگرەوەی موھەندیس، كە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، سەكردەی فەیلەقی قوسی ئێرانی كوژرا لە لایەن ئەمەریكاوە لە 3ی كانوونی دووەم لە فڕۆكەخانەی بەغدا.

ئاماژە دەكرێت، نازناوی "خاڵ"یش یەكێكە لە نازناوەكانی دیكەی پێی ناسرابوو لەوكاتەی زیندانی بووە لە یەكێك لە زیندانەكانی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، دواتر بە شێوەیەكی توكمە لەگەڵ ئێرانییەكان وابەستە بوو بەڕێگای دامەزراندنی میلیشیاكانی حزبوڵڵا لە عێراق، بەپشتیوانی و ھاندانی ئەبوو مەھدی موھەندیس، سەرۆكی پێشووی دەستەی حەشد شەعبی و راستەوخۆ فەرمانی لە سولەیمانی وەردەگرت.