توركیا و یۆنان ھەفتەی داھاتوو دەست بە گفتوگۆ تەكنیكیەكان دەكەن
گفتوگۆیەكان میكانیزمی دووركەوتنەوە لە پێكدادان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەگرێتەخۆی
K24 – ھەولێر:
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان توركیا و یۆنان ھەفتەی داھاتوو دەست بە گفتوگۆی تەكنیكی دەكەنەوە لەسەر ئاستی دەستە سەربازییەكان لە بارەگای پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە برۆكسل.
سەرچاوەكان ئاماژەیانكردووە، گفتوگۆیەكان میكانیزمی دووركەوتنەوە لە پێكدادان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەگرێتەخۆی و ماوەیەك بوو راوەستابوو بەھۆی بەشداری نەكردنی لایەنی یۆنانی، بەپێی قسەكانی ئاژانسی ئەنادۆڵ.
ئەم گفتوگۆیانە، دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ھات لەگەڵ ئەمینداری گشتی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، یەنس ستۆڵتنبرگ.
لە 4ی ئەیلوولی رابردوو، ستۆڵتنبرگ دەستپێكردنی گفتوگۆ تەكنیكیەكانی نێوان توركیا و یۆنانی راگەیاند لە پێناو دامەزراندنی میكانیزمێك بۆ دووركەوتنەوەیان لە پێكدادان لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست. جەختیشیكردەوە لەوەی گفتوگۆكان تەكنیكین و دانوستان نییە و بەشێكە لەو كارانەی تەواوكەری ھەوڵەكانی ناوەندگیری سیاسییە، كە ئەڵمانیا سەركردایەتی دەكات.
سەرچاوە: ئەنادۆڵ