ترەمپ: پاراستنی گەرووی هورمز ئەرکی ئەو وڵاتانەیە کە سوودی لێ دەبینن
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: وڵاتەکەمان لە لێواری بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانیدایە بەرانبەر بە ئێران. ئاماژەی بەوەش کرد، کە واشنتن بیر لە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی زۆر نزیک بووەتەوە لە پێکانی ئەو ئامانجانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەستنیشانی کردبوون.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنتن لەسەر پێنج تەوەرەی سەرەکی کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی لە لایەن تارانەوە دروست دەکرێن.
بە پێی قسەکانی ترەمپ ئامانجە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی بریتین لە:
-لاوازکردنی تەواوەتی توانای مووشەکیی ئێران، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و هەموو ئەو کەرەستانەی پەیوەندییان بەو بوارەوە هەیە.
- تێکشکاندنی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بە شێوەیەک کە نەتوانێت هێزی سەربازی خۆی نۆژەن بکاتەوە.
-لەناوبردنی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران، لەگەڵ سەرجەم چەکە دژە فڕین و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە.
- رێگریکردنی هەمیشەیی لەوەی ئێران تەنانەت نزیکیش ببێتەوە لە بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمی، لەگەڵ هێشتنەوەی ئەمریکا لە پێگەیەکدا کە بتوانێت بە خێرایی و بەهێزی وەڵامی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بداتەوە.
-پاراستنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرزترین ئاستدا، لەوانەش ئیسرائیل، سعوودییە، قەتەر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، بەحرەین، کوەیت و وڵاتانی دیکە.
سەبارەت بە ئاسایشی گەرووی هورمز، ترەمپ هەڵوێستێکی نوێی نیشان دا و رایگەیاند: "گەرووی هورمز دەبێت لە لایەن ئەو نەتەوانەوە بپارێزرێت کە سوودی لێ دەبینن و بەکاری دەهێنن، چونکە ئەمریکا بەکاری ناهێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر داوایان لێ بکرێت، واشنتن هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکات لە هەوڵەکانیاندا بۆ پاراستنی گەرووەکە، بەڵام پێی وایە کاتێک هەڕەشەی ئێران بنبڕ کرا، پاراستنی گەرووەکە دەبێتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زۆر ئاسان بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوان کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.